گەڕان بەدوای تەرمی کارگوزارەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەردەوامە

ئەمڕۆ شەممە 2024.1.20، د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستنەوە، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەردەوامى پڕۆسەى گەڕان و پشکنینی تیمەکانى بەرگرى شارستانى هەولێر بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو کارگوزارە فلیپینییەی کە لە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی شەهید بوو، سەردانى شوێنى ڕووداوەکەیان کرد.

لە سەردانەکەیان دەستخۆشیان لە تیمەكانى بەرگرى شارستانى هەولێر کرد کە ماوەى چەند ڕۆژێکە بەردوامن لە هەوڵدان و گەڕان بە دوای دۆزینەوەى تەرمی ئەو ئافرەتە فلیپینیەى کە لە شوێنی بۆردومانەكە گیانى لەدەستداوە و تاکو ئێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە، بەهۆى خاپوور بوونى خانووەکەش، ئەرکی کارمەندانی بەرگریی شارستانی زیاتر قورسکردووە و بەوهۆیەشەوە 6 کارمەندى بەرگرى شارستانى بەسووکى برینداربوونە.

جێگەى باسە، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەى هەفتەى ڕابردوو، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەو لەئەنجامى هێرش و پەلامارى سوپای پاسدارانی ئێران ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای ئیمپایەر و گرووپی فاڵکۆن کرایە ئامانج و لە ئاکامى هێرشەکەشدا پێشڕەو دزەیی و کچێکی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی شەهید بوون و خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵی دیکەشی بریندار بوون.