بەڕێوەبەری کەریمی عەلەکە رایگەیاند، فڕێدانی ئەو سەگانە لەسەر گۆڕی شاعیرێک کارێکی ئێجگار ناشرین و ناخ هەژێنە.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی دووەمی2024، لە راگەیانەدراوێکدا، شاخەوان سدیق، بەڕێوەبەری کەریمی عەلەکە رایگەیاند، پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، وێنەی گڵکۆی شاعیری ئەویندار “وەلی دێوانە” لە گۆڕستانی شارۆچکەی سەیدسادق بڵاوکرایەوە و دوو توتکە سەگی مردابوو لەسەر فڕێداوە، کە کارێکی ئێجگار ناشیرین و ناخ هەژێنە و پێدەچێ بە مەبەست لەسەر ئەو گۆڕە دانرابن.
راشیگەیاند، ئێمە لە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە ناشیرینە، بە هەموو لایەک و دەزگا بەرپرس و حکومیەکانی شارۆچکەی سەیدسادق رادەگەیەنین، کە وەڵامدانەوەیەکیان هەبێت بۆ ئەو کارەنەشیاوە، لە ساڵی 2007دا پەیکەرێک بۆ شاعیر لەلایەن دکتۆر تەها رەسوڵ دروستکراوەو کە لە دەروازەی شارۆچکەکە دانراوە، هەروەها ئەمڕۆ لەژێر راسپاردەی دکتۆر “تەها ڕەسوڵ” کەسایەتی نیشتمانی و خەمخۆری ئەدەب و فەرهەنگی کوردی و بە پشتیوانی دارایی ئەوان، لە نزیکترین دەرفەتدا گڵکۆی ئەو شاعیرە مەزنەی گەلەکەمان، بەجوانترین شێوە هەڵدەبەستین و نۆژەنی دەکەینەوە و چەترێکی پارێزبەندی بۆدەکەین.
شاخەوان سدیق گوتیشی: “پێمان وایە هەر میللەتێک نەتوانێ رێز لەداهێنەرو مرۆڤە گەورەکانی خۆیی بگرێت، ناتوانێت ئایندەیەکی گەش و رووناکی هەبێت، بۆیە داوا لە بەرپرسانی ئیداری و رۆشنبیرانی شارەکە دەکەین بۆ ئەو مەبەستە هاوکارمانبن”.