سبەی دوو لیژنەی پەرلەمانی عێراق سەردانی شوێنی رووداوی هێرشەکەی ئێران لە هەولێر دەکەن

بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی موشەکبارانکردنی ماڵی هاووڵاتیەکی سڤیل لە هەولێر، سبەینێ لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عیراق سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکەن.

مەریوان دزەیی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق راگەیاند، بۆ لێکۆلینەوە لە رووداوەکە و نووسینی راپۆرتێک لەسەر هێرشە مووشەکییەکان، بریارە سبەینێ کاتژمێر 10، هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی هەولێر بکەن.

دزەیی گوتیشی، لەسەردانەکەیاندا لیژنەکان دەچنە شوێنی رووداوەکە و وردەکاری رووداوەکە دەکەن بە راپۆرتێک.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی تائێستا لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادەکراوە، ئەو ماڵەی لە هەولێر کراوەتە ئامانج هیچ بارەگایەکی مۆسادی لێ نەبووە و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان بووە.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی، 15 لەسەر 16 ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر بەچەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

لەلایەن خۆیەوە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و نەک بنکەی سیخوڕی ئیسرائیل.