د. بەشیر حەداد: بە ئامانجگرتنی هەولێر تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتییە

د. بەشیر حەداد، گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتاری هەینی رایگەیاند، ئەو تەقەینەوەی لە کرمان روویدا داعش بەرپرسیارەتی خۆی لەو کردەوەیە راگەیاند، بۆ دەبێت هەولێر باجی ئەو کردەوەی داعش بدات، یاخود بۆ تۆڵەی غەززە لە هەولێر دەکرێتەوە، هەروەها هیچ بارەگایەکی ئیسرائیل لەو شارە نییە.

گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات، گوتی: ئەگەر ئێران مەبەستێتی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوە رێگەی ئیسرائیل بە هەولێر تێناپەڕێت، فەرموون رووی مووشەکەکان لە وڵاتی ئیسرائیل بکەن نەك هەولێر.

د. بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەدا، شاندی ئەمنی حکومەتی عێراقیش کاتێک سەردانی ماڵەکەیان کرد، لە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان پشتراستکردەوە کە ئەوە ماڵی هاووڵاتی سڤیل بووە و بارەگای مۆساد نەبووە.

گوتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات، گوتیشی: هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو ململانێیانەی کە لە ناوچەکە هەیە، بۆ دەبێت باجەکەی بدات، هەروەها بە ئامانجگرتنی هەولێر تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتییە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە “بێ پاساو و نامەردانە” ناوبرد و گوتی: “لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: “هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە