چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە چەمچەماڵ مۆڵەت بە خۆپیشاندان دژی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر نادرێت


بەرپرسی ناوەندی باڵای چەمچەماڵی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، قایمقامییەتی چەمچەماڵ تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکەی ئێمەیان نەداوەتە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەو سنوورە دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی کانوونی دووەمی 2024) حوسێن ئەنوەر، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ناوەندی باڵای چەمچەماڵی ئەو رێكخراوە بە کوردستان 24ـی راگەیاند، “داوای مۆڵه‌تی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ناڕەزاییمان له‌ قایمقامیەتی چه‌مچه‌ماڵ كردبوو بۆ سەركۆنەكردنی هێرشەكەی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر داوامان كردبوو ئەمڕۆ  كاتژمێر 10:30 خۆپیشاندانه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه‌، سه‌ردانی قایمقامیەتیشمان كردووه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان پێ نه‌داوین”.

گوتیشی: رێگەنەدان بە خۆپیشاندانی مەدەنییانە بۆ ئیدانەکردنی تاوانێكی گەورەیە كە دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە، كارێكی خراپە و دەبوایە ئیدارەی چەمچەماڵ خۆی پشتیوانیی ئەو هەنگاوەی بكردایە، چونكە هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.