لە سۆران خۆپیشاندان دژی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونیدووەمی 2024، دانیشتوانی دەڤەری سۆران، لە خۆپیشاندانێکدا هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر ئیدانە کرد.

هاووڵاتییەکی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکە ڕایگەیاند هەموو کورد لە کوردستان بریندارە، دەمانەوێت بە گەلی ئێران بڵێین ئایا کوشتنی منداڵێکی یەک ساڵ و نیو، تۆڵەی دایکێکی قوربانییەکی کرمانی کردەوە؟ یاخود تۆڵەی ئەوان لە هەرێمی کوردستان؟ تاوانی میللەتی کورد چییە، پێیان وانەبێت کە ئێمە نازێک لەسەر حکومەتی خۆمان یاخود لە وڵاتی خۆمان دەکەین ئیتر پشتمان لێی کردبێت، پێیان وابێت بەو کردەوانە دەمان ترسێنن، ئەمڕۆ ئێمە لە هەموو رۆژێک توڕەتر و بریندارترین، هەموو رۆژێکیش پێداگرتر دەبین لەسەر پاراستنی ئاڵاکەمان و نیشتمانەکەمان”.

بەشداربووێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە، دەڵێت: “بەشداریمان کردووە لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی سوپای پاسدارانی ئێران، دژ بە خەڵکی سڤیل منداڵ و ژنی کەسایەتیەکی دیاری شاری هەولێر ئەنجامدرا، ئەم کارە دوورە لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان و دراوسێیەتی، بەشێکیشە لە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیامی سەرۆک بارزانی زۆر روونە، ئەوان دەتوانن بمانکوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لێبستێنن، ئەم کارە تیرۆرستییەی ئەوان بەهیچ شێوەیەک بەبێ وەڵام نامێنێت، پێویستە حکومەتی ناوەندی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێت رێگری بکات لە دووبارە کردنەوەی ئەمجۆرە کارە تیرۆرستییەی سوپای پاسداران”.

دەشڵێت: “ئەم کارە تیرۆرستییەی ئێران رێگریکردنە لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو خزمەتگوزارەییەی دابینکراوە و پێشکەش دەکرێن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو پێكەوەژیانەی کە هەیە لە هەرێمی کوردستان و گەشەسەندنەکانی کوردستان، چاویان پێ هەڵنایەت”.

شەوی 15ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

ھەواڵی زیاتر