دڵشاد شەهاب: دەبێت حکومەتی فیدراڵی بیسەلمێنێت کە خاكی عێراق سەروەری و خاوەندارێتی هەیە

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هێرشکردنەسەر شاری هەولێر کارێکی دووژمنکارانەیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە گۆڕستانی باقرتە، سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردوو بۆسەر شاری هەولێر رایگەیاند، هەموو ئەو بیانوویانەی کە هێندراونەتەوە بۆ هێرشکردنەسەر شاری هەولێر و تێکدانی ئەمن و ئاسایشی کارێکی دووژمنکارانەیە، هەروەها ئەم کارە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی ئاراستەی حکومەت و دەسەڵاتەکانی فیدراڵی عێراق کرد و گوتی: دەبێت بیسەلمێنن کە خاكی عێراق سەروەری و خاوەندارێتی هەیە.

گوتیشی: “هەر نەرمی نواندێک بەرامبەر بەو بەزاندنی سنوور و ئەو دەستدرێژییانەی کە کراونەتە سەر شاری هەولێر و خەڵکی سڤیل کارێکی قبوڵنەکراوە و بە توندی ئیدانەی دەکەین”.

دڵشاد شەهاب، سەرەنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە رابردووشدا زۆرجار هەوڵدرابوو ئیرادەی میللەتی ئێمە بشکێندرێت، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان مایەپوچ بوون.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.