یەکێتی زانایان: خەڵکی کوردستان ئاشتی دەوێت، نەک درۆن و مووشەک

لە پەیامێکدا یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت: خەڵکی کوردستان ئاشتی دەوێت، نەک درۆن و مووشەک.

لە پەیامی یەکێتی زانایان، هاتووە: “بەداخەوە شەوی رابردوو لە رێی درۆن و مووشەکەوە هێرشی زۆر و کوێرانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە قوربانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوەو چەندین هاووڵاتی سڤیل شەهیدو بریندار بوون”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: “ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم مووشەکبارانە دەکەین و خوازیارین لە لایەنی پەیوەندیدار بەزوویی رێ لەو جۆرە هەوڵە تێکدەرانە بگرن، خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ئاشتی دەوێ بۆ هەموو لایەک نەک بە درۆن و مووشەک، هەوڵی شێواندنی سەقامگیری و ئارامی هاووڵاتیانی بە ئامانج بگیرێ، داواش لە وڵاتی ئێران دەکەین وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی مافی دراوسێیەتی کوردستان بپارێزێت”.

یەکیتی زانایانی ئایینی ئیسلامی راشیگەیاند: “داوا لە سەرجەم وتاربێژانی بەرێزی ئایینی دەکەین لە وتاری هەینی داهاتوو ئیدانەی هێڕشەکە بکەن و نزای خێرو سەلامەتی و ئارامی بۆ کوردستان بکەن”.