ئەمریكا ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كرد ، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەمریكا بە توندی ئیدانەی هێرشەكانی ئێران لە هەولێر دەكات و سەرەخۆشی لە كەسوكاری كوژراوان دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە دژی ئەو هێرشە مووشەكییە بێباكانە دەوەستین كە لەلایەن ئێرانەوە دەكرێت و سەقامگیری عێراق تێكدەدات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: پشتیوانی لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عێراق.