تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی کراون

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سی و دوو ھەزار کۆمپانیا تۆمارکراون، تۆمارکردنی کۆمپانیاکانیش بووەتە سیستەمی ئەلیکترۆنی و تێچووی دامەزراندنی کۆمپانیاکانیش بەڕێژەی ٨٠% کەم کراوەتەوە، ئەوەش وای کردووە ڕێژەیەکی زیاتر لە کۆمپانیا بیانییەکان بێنە ھەرێمی کوردستان.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، لە ھەرێمی کوردستان سی و دوو ھەزار و سەد و شەست و شەش کۆمپانیا تۆمار کراون، کە بیست و ھەشت ھەزار و ھەشت سەد و چوار کۆمپانیای ناوخۆیی و سێ ھەزار و سێ سەد و شەست و دوو کۆمپانیاش بیانین؛ لە کۆی ئەو ژمارانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی ڕابردوودا دە ھەزار و پێنج سەد و دە کۆمپانیای تۆمار کردووە، نۆ ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و نۆ کۆمپانیای ناوخۆیی و نۆ سەد و بیست و یەک کۆمپانیای بیانین، بوونی ئەو ژمارەیەش لە دامەزراندنی کۆمپانیا و کۆمپانیای بیانی واتە ڕاکێشانی سەرمایەی بیانییە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوەش بووەتە فاکتەرێک بۆ پێشخستنی ئابووری کوردستان.
ھەر یەک لەو کۆمپانیانە بە سەدان تۆن کەلوپەل بەرھەم دەھێنن و ڕەوانەی بازاڕ دەکەن، کە بەشێکی بۆ ناوخۆی کوردستان و بەشێکیش بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق ڕەوانە دەکرێن، ٧٥% ئەو کرێکارانەی لەو کۆمپانیانە کار دەکەن کرێکارانی ناوخۆیین. وەکو خاوەنی کۆمپانیاکان، دەڵێن: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارئاسانی زۆری بۆ کردووین، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی بیانی لێرە بتوانن بەرھەمەکانیان دروست بکەن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی کردووەتە سیستەمی ئەلیکترۆنی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کۆمپانیاکە تۆمار دەکرێت و تێچووی تۆمارکردنیش بەڕێژەی لە ٨٠% دابەزیوە، ئەوەش ھانی کۆمپانیا بیانیاکانی داوە بێنە ھەرێمی کوردستان و وەبەرھێنان ئەنجام بدەن. بڵند محەممەد، بەڕێوبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: کار ئاسانی زۆرمان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان کردووە، کۆمپانیا بیانییەکان لە ھەرێمی کوردستان لە بواری جیاجیادا کاردەکەن، سەرمایەکانیان لە پێنج سەد تا ملیۆنێک دۆلار بەسەرەوەیە، ئەوەش سوودی زۆری ھەیە بۆ ڕەخساندنی ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان.