جووڵە دیبلۆماسییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەم دۆخەدا گرنگ بوو

لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان حەڤدە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد. چاودێرانی سیاسی، سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە گرنگ دەزانن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، نابێت ناکۆکییەکانی ھەولێر و بەغدا دواکەوتنی مووچەی لێبکەوێتەوە.

لەو دیدارانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرە باڵا لە عێراق کردوون، وەک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا گوتی: بابەتی زیاتری گەنگەشە، یەکەمیان پرسی قووتی خەڵکی کوردستان بووە کە بە بۆچوونی ئێمە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، ئێستەش پێویستە لە بابەتی مووچەدا چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەموو پارێزگاکانی عێراق دەکرێت، لەگەڵ ھەرێمی کوردستانیش بەو شێوەیە بێت، ناکرێت بابەتی مووچە بکرێتە بابەتێکی سیاسی یان وەرەقەیەکی گوشار لەسەر ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بڕیاری ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری لەبارەوە درا، سەرەتایەکی باشە بۆ چارەکردنی کێشەکان لە نێوان ھەولێر و بەغدا.
جاسم عەمێری، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ڕایگەیاند: بەگوێرەی دەستوور، دەبێت فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەربگرن و لە ڕووی بڕ و کاتی وەرگرتنی، ھاوشێوەی سەرجەم عێراق بن و نابێت ھیچ کێشەیەک لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی ببێتە ھۆکار بۆ دواکەوتن و پەککەوتنی مووچە و دەبێت ھەردوولا بگەنە چارەیەکی ڕیشەیی.
د. ھاشم حامد، چاودێری سیاسی، دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی کرد، لەوباوەڕەدام لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوانە دەردەکەون، ڕەنگدانەوە ھەم لەسەر بودجە دەبێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا ھەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە بودجە و مووچەی کوردستان دوانەکەوێت، ھەروەھا ھۆکارێکیش دەبێت بۆ چارەکردنی کێشەکانی دیکەی نێوان ھەولێر و بەغدا، چونکە کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنیا بودجە و مووچە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک کێشە ھەن پێویستە چارە بکرێن.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کۆبوونەوەکانی خۆیدا باسی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمی کوردستانی کردووە، داواشی لە حکوومەتی عێراق کردووە پابەندی خۆی لە ھەر دوو بواردا جێبەجێ بکات، بۆیە ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە کراون زیاتر وا دەکات کە لێکنزیکبوونەوە ھەبێت و کێشەکان چارە بکرێن، ئەگەر کێشەی بودجە چارە کرا، کێشەکانی دیکەش چارە دەبن.
ئەو چالاکوانە، گوتیشی: تا ئێستە چەندین ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراون بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەند نەبووە، ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە ڕێگری لێ دەکرێت و جێبەجێ ناکەن.