کاسبکارانی خۆرهەڵاتی کوردستان کۆڵبەریشیان پێ بەڕەوا نابینرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

كۆڵبەر بەو کاسبکارانە دەگوترێت کە بە کۆڵیان بار و شتومەک لە نێوان هەر دوو سنووری خۆرهەڵات و باشووری کوردستان دەگوازنەوە و بەم کارە بژێویی خێزانەکانیان دابین دەکەن. بەڵام ئەم کارە بێ مەترسی نییە و زۆر جار تەقەیان لێ دەکرێت و دەبنە قوربانی، تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا حەوت کۆڵبەر بریندار کراون و لە ماوی ساڵی ڕابردووشدا سێ سەد و سی و سێ کۆڵبەری خۆرهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.

ئەم جۆرە كاسبییە لەگەڵ زیاتر تێكچوونی دۆخی ئابووریی ئێران و پەرەسەندنی بێكاری و هەژاریی و هەڵاوسان زیاتر بووە و خەڵك ئامادەن بۆ پەیداكردنی نانی سكی منداڵ و خێزانەكانیان سینگیان بكەنە قەڵغانی فیشەكی ئەو هێزانەی ئێران كە ئەركی پاراستنی سنووریان پێ سپێردراوە.
لەم ڕۆژانەدا کە سەرمای سەختی زستان دەستی پێ کردووە، ئەو کۆڵبەرانە جگە لەوەی کە دەبێت خۆیان لە تەقەی هێزەکانی ئێران بپارێزن ئەوا دەبێ خۆیان لە سەرما و بەفر و کڕێوە و تەنانەت هێڕشی ئاژەڵە دڕندەکانیش بپارێزن. ئەوان دەبێ دەیان کیلۆمەتر لە ڕێگایەكی سەخت و دژوار و بەردەڵان و شاخاوی ببڕن تا بتوانن لە سنوورەكە بپەڕنەوە و دواتر لەم دیوەی كوردستان بارەكە بكڕن و بە کۆڵەپشتییەکی قورسەوە بگەڕێنەوە خۆرهەڵاتی کوردستان.
جێی باسە هێزەكانی ئێران وەك ئەوەی چێژ لە كوشتنی كاسبكاران وەربگرن ڕاستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەرانی کورد دەکەن و دەیانكوژن. لە چەند مانگی ڕابردوودا سەدان كەس لە كۆڵبەرانی خۆرهەڵاتی كوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران یان بەفر و سەرما و هەڵدێران، مردوون یان بریندار بوون.
هەر دوێنێ شەممە ١٣ی کانوونی دووەم ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرای کرد سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی پارسا زولفەقاری، هادی مەنسووری و بورهان ڕەحیمی، کە خەڵکی ڕوانسەرن لەگەڵ چوار کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ئەکبەر ڕازنهان، دلاوەر فەرامەرزی، ئەکبەر فەرامەرزی و ئەرکان کە خەڵکی گوندی “تین”ی سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانن، لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوەکە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا سێ سەد و سی و سێ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون. لەو ژمارەیە چل و یەک کۆڵبەر کوژراون و دوو سەد و نەوەد و دوو کۆڵبەری تر بریندار کراون و بەراورد بە ساڵێک پێشتر ژمارەکە زیادی کردووە.
لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی ٨٦.٥%یان کە دەکاتە بیست و حەوت کوژراو و دووسەد و پەنجا و هەشت بریندار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بووە و حاڵەتەکانی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مین و ڕووداوی سروشتی وەک سەرما و کرێوە و ڕنووی بەفرەوە ڕوویان داوە.
زۆرترین ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی کە دەبێت بە سەد و حەفتا و نۆ حاڵەت، لە پارێزگای سنە بووە و دوای ئەوە پارێزگای کرماشان بە سەد و سی و هەشت حاڵەت دێت و پارێزگای ورمێ و ئیلام بەراورد بە پارێزگاکانی تر ژمارەی کەمتری قوربانی داوە.
قەیرانی ئابووری و بێکاری و هەژاری خەڵکی هان داوە ڕوو لەم جۆرە کاسبییە بکەن، زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە دەرچووی زانکۆکانی ئێرانن بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی و پشتگوێخستنی کورد، لە دامەزراوەکانی ئێران کاریان دەست ناکەوێت و حکوومەتیش نەیتوانیوە یان نەیویستووە پەرە بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕەخساندنی هەلی کار لەو پارێزگایانە بدات و بۆیەش بێکاری بە خێرایی پەرەی سەندووە.
پارێزەران و شارەزایانی مافی مرۆڤ پێداگرن لەسەر ئەوەی كۆڵبەری پیشە نییە بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە قورس و نالەبارە ئابوورییەی لە خۆرهەڵاتی كوردستان هاتووەتە كایەوە خەڵك لە ناچاریان ڕوویان تێ كردووە.