له‌ هه‌ولێر تاوتوێی سیسته‌می نوێی هاتوچۆ و ڕێڕه‌وی تایبه‌تی لێخوڕینی پایسكیل كرا

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی تایبەت بە لێژنەی پەرەپێدانی هاتوچۆ لە پارێزگای هەولێر کرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل تاوتوێی سیسته‌مێكی نوێی هاتوچۆ و ڕێڕه‌وی تایبه‌تی لێخوڕینی پایسكیل كرا.

پارێزگاری هەولێر ئەجیندا و بیرۆکەی کۆبوونەوەکەی خستەروو و ئەوەی دووپاتکردەوە کە دیاریکردنی رێرەوی تایبەت بە لێخوڕینی پایسکیل لە شەقامە گشتییەکاندا بە پێوەری ستاندەردی شارەستانی، سیمای پایتەخت جوانتر دەکات، بۆ ئەم مەبەستە داوای کرد هەماهەنگی تەواو لەنێوان بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆ و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە پرسە پەیوەندارەکان بکرێ تاوەکو بەجێگەیاندنی پلانەکان دروستتر بێت و ستراتیژییەت لە نەوعییەت و میکانیزمی کارەکان پەیڕەو بکرێ و پرۆژە هاوبەش و پەیوەندارەکان رێکتر رایی بکرێ.

ئومێد خۆشناو هاوکات جەختی لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی سیستەمی نوێ هاتووچۆ و رێکارەکانی رێکخستەوەی شەقامە گشتییەکانی شار و دەوروبەری و مەسەلەی ئاودانی دارەکان لە دوورگە ناوەندییەکانی شەقامە سەرەکییەکان و رێکپۆشکردنی بازار و تایبەتمەندترکردنی شوێنی راییکردنی کاروباری پیشەوەرانی شار کرایەوە.

لە کۆبوونەوەکە هه‌روه‌ها دووپاتکرایەوە کە نابێ هیچ جۆرە پرسێك بکرێتە پاساوی تەجاوزکردن و شێواندنی رووی شارستانی سیمای شار.

بۆ ئەوەش داوا کرا دیراسەتێك لەسەر ئاستی شەقامەکان ئەنجام بدرێ تاوەکو وەك نموونەیی سەرەکی مامەلەی لەگەڵدا بکرێ و دواتر هەنگاوی دیکەی کردارەکی بە دوا بێت