پێشبینی دەکرێ تا هەفتەیەکی تر ڕۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان بکرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی دواین مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لە ٢٥ی مانگی شوباتی داهاتوو خولێکی تری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا بووەتە شتێکی ئاستەم و پێشبینی دەکرێ تا هەفتەیەکی تر کە هاوکاتە لەگەڵ یەکلابوونەوەی دانیشتنێکی دادگەی باڵای فیدراڵی کە پێوەندیدارە بە یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بە هاوکاریی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دەستنیشان بکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئابی ڕابردوودا ٢٥ی مانگی شوباتی ئەمساڵی بە ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستنیشان کردبوو. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە مانگی داهاتوودا بە کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی، دەرەکی، یاسایی، تەکنیکی و دارایی تووشی کێشە بووە و گرنگترین هۆکاریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تا ئێستا لای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونی نییە ئەو هەڵبژاردن بە چ سیستەم و مکانیزمێک دەکرێت.
ئەو هەڵبژاردنانەی لە خولەکانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون بە یەک بازنەی هەڵبژاردن لە تەواوی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کاری پێ ناکرێ و لە لایەکی ترەوە چەند سکاڵایەک لە دادگای باڵای فیدراڵی چاوەڕێی تاوتوێکردن و یەکلاکردنەوەیان دەکرێ، هەڵبژاردنەکە دوا خراوە.
بە گشتی، دووجار ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە، لە ڕۆژی سێی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، کۆمیسیۆن نووسراوی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا، توانای ئەوەی نییە لە شوباتی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوە ببات.
لە نووسراوەکەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن یەکێک لە بیانووەکانیان ئەوە بوو بەهۆی ئەوەی بڕیاری پارەدارکردنی کۆمسیۆن بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان درەنگ و ئەویش لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی کۆتایی ساڵی ڕابردوو دەرچوو. نەیانتوانی ئەو پلانانەی پێشتر بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دەستنیشانیان کردبوو، جێبەجێی بکەن، بە تایبەت ئەو کارانەی پێوەندییان بە گرێبەست و دابینکردنی کەرستەکانی هەڵبژاردن هەیە.
یەکێک لەو هۆیانەی کە کاریگەریی بۆ سەر دواخرانی هەڵبژاردن هەبووە پەیوەندیدارە بە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هێشتا لایەنە سیاسییەکان هاودەنگ نین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بە چ سیستەمێک بکرێ و جگە لەمە پرسی کورسیی کۆتاکان هێندەی تر ناکۆکیی خستووەتە نێو لایەنە سیاسییەکان.
هەر ئەو ناکۆکییەش هۆ بووە لەوەی سکاڵا لە دادگەی باڵای فیدراڵی دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت. دادگەی باڵای فیدراڵی چەند جارێک لەبارەی سکاڵاکە دانیشتووە بەڵام بڕیاری کۆتایی نەداوە. دادگەکە لە دواین دانیشتنیدا بڕیاری دا لە ٢١ی کانوونی دووەم دانیشتنێکی دیکە ڕێک بخات.
پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و یەکێکیان تایبەتە بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دووەمیان تایبەتە بە پرسی یەک بازنەیی یان فرەبازنەیی لە هەڵبژاردن و خاڵێکی تریش پەیوەستە بە ژمارەی کورسیی کۆتاکان.

ئەگەر پرسی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و کورسیی کۆتاکان بەو شێوەیە کە لە یاسای هەڵبژاردنی هەموارکراوی کوردستان هاتووە لە لایەن دادگەی باڵای فیدراڵی هەڵبوەشێتەوە ئەوا یاسا نوێیەکان کاریان پێ ناکرێت و ناچار دەبن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەم یاسای هەڵبژاردن بگەڕێنەوە کە لە هەرێمی کوردستان پەسند کراوە.
پارت و حزبە تورکمانییەکانی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار داوایان لە دادگەی فیدراڵی کردووە سكاڵاكە ڕەت بكاتەوە و ڕەچاوی ڕەوشی پێكهاتەكان بكات.
یەکێک لە ترسەکانی تورکمانەکان ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بکرێت، پێکهاتەی تورکمان هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نابێت و لە هەڵبژاردنەکە بێبەش دەبێت، چونکە لە یاساکەدا، هەر پێنج کورسییەکەی کۆتاکان بەسەر پێکهاتەکانی کلدانی، سریانی و ئاشووری دابەش کراون و لە هەڵبژاردنی یەکەمدا تورکمانەکان هیچ مافێکیان پێ نەبڕاوە.
جێی باسە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ بەڕێوەچوو و لەوەتەی هەرێمی کوردستان دامەزراوە یەکەم جارە کۆمسیۆنەکەی و پەرلەمانەکەی بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی هەڵدەوەوەشێنەوە و تووشی بۆشایی یاسایی کۆمسیۆن و پەرلەمان دەبێت. ساڵی ڕابردوو دادگەی باڵای فیدراڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشی هەڵوەشاندەوە و لە دوای ئازادیی عێراقەوە تەنیا دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کوردستان ئەنجام دراون.
بەپێی یاساکانی عێراق کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکات و لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی دادگای باڵای فیدراڵی ئەگەر سکاڵاکان یەکلایی بکرێنەوە ئەوا کۆمسیۆنەکەش بەرچاوی ڕوونتر دەبێ بە چ شێوەیەک هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەرێوە ببات.

ھەواڵی زیاتر