ڕائیب جادر – هەولێر
شەفافیەتی حکوومەتی ھەرێم لە بواری خەرجی و داھات و ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێم ئەو دەرفەتەی ڕەخساندووە کە کێشەی مووچەی فەرمانبەران بە یەکجارەیی چارە بکرێت، ڕاپۆرتەکەی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەو بیانۆیانەی لەبەردەم بەغدا نەھێشتووەتەوە ببێتە ھۆی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم. یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی کوردستان، دەڵێ: ھەموو ھەوڵێکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ کۆتاییھێنان و چارەکردنی پرسی بودجە و مووچەیە.
ڕۆژی ٦-١-٢٠٢٤ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی گەیشتنە بەغدا و بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی، شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز و چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆیان کرد، لە ماوەی دوو ڕۆژدا شاندەکەی ھەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی درێژخایەنیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ کرد، لە کۆبوونەوەکە ھەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە یاسای بودجە یاساییەکی باش نییە و وەکو خۆی کار ناکات، بۆیە پێویستی بە ھەموارکردنەوەیە.
لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی ھەرێمی کوردستان و عێراق، شاندی کوردستان بۆ مووچەی یەک ساڵی فەرمانبەران داوای نزیکەی دە ترلیۆن دیناری دیکەی کردووە، ئەو پارەیەش لە خەرجی کرداری دەربھێنێت، چونکە نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان سیاسییە و حکوومەتی عێراق بیانۆی لەدەست نەماوە.
لە دوو ھەفتەی ڕابردوودا شاندی کوردستان دوو جار سەردانی بەغدای کردووە، ھەر دوولا لەسەر دوو خاڵ ڕێککەوتوونە لەوانە ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە تاکو مووچە لە خەرجی ڕاستەقینە جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، دووەم داواکاریشیان پرسی تێچووی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستانە کە لە یاسای بودجە ٦ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک دیاری کراوە، حکوومەتی ھەرێم بەھۆی سەختی جوگرافیای ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەرووی ٣٠ دۆلار حەقدەستیان دەوێت بۆ ئەمەش لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە ھەیە، ڕێککەوتنێکی دیکە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە ئەویش پرسی داھاتە فیدراڵیی و نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانە کە بەگوێرەی یاسای کارگێڕی دارایی ساڵی ٢٠١٩ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و سەرجەم داھاتەکان ڕادەستی حکوومەتی عێراقی بکرێت و ئەوانیش ٥٠% بگەڕێنەوە.
ئەو دەرگای حکوومەتی ھەرێم بۆ لیژنەی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کردەوە، ئەو بەربەستانەی لە بەغدا لەبەردەم ناردنی بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان ھەبوو خاوی کردووەتەوە، بەئاراستەی چارەکردنی کێشەکان، بەجۆرێک ئێستە بەغدا داھات و خەرجی و ژمارەی فەرمانبەران و داھات و خەرجی نەوتیشی لەبەردەستە، ئەوەش ھەمواری یاسای بودجەی ئاسان کردووە، کە تیایدا کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارە دەکات، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا کەشێکی سیاسی بۆ چارەکردنی کێشەکان ڕەخساندووە حکوومەتی عێراقیش دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا پڕۆژەی ھەمواری یاسای بودجە تەواو بکات.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینارە، لەو بڕە ١٣.٤ ترلیۆن دینار بۆ بودجەی بەکاربردنە کە مووچەی فەرمانبەران بەشێکە لە بودجەکە.
بە گوێرەی بڕگەی دووی ماددەی ١١ـی یاسای بودجەی گشتی، پشکی ھەرێمی کوردستان لە ١٢.٦٧%ـی خەرجی ڕاستەقینە دیاریدەکرێت لە ھەردوو خەرجیی بەردەوام و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، لەدوای دەرکردنی خەرجیی سیادی.
پەرلەمانتاران، دەڵێن: ئەگەر حکوومەتی عێراق بەنیازبێت مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بدات، ئەوا پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم بابەتە بباتە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەکە بڕیار لە ناردنی حەوت سەد ملیار دینار وەک قەرز بۆ ھەرێمی کوردستان بدرێت.