سەرۆکی هەنگەوانان: خولی فێرکاری هەنگەوانی بۆ کەسانی سەرەتایی دەکەینەوە

سەرۆکی هەنگەوانانی کوردستان راگەیاند، لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان، چەند خولێکی فێرکاری هەنگەوانی بۆ ئەوانەی روویان لە کاری هەنگەوانی کردووە دەکەینەوە .

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی2024، عارف شێروانی، سەرۆکی هەنگەوانانی کوردستان، راگەیاند، هەنگوینی کوردستان هەمیشە داواکاری لەسەر هەیە، بەتایبەت دوای ئەو پڕۆسەیەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا کە هەنگوینی خۆماڵی هەناردەی دەرەوەی کوردستان کرد، بەناو و لۆگۆی کوردستان.

عارف شێروانی گوتیشی: “ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی هەنگوین هەیە، هەرچەندە بەرهەمەکە کەمبووە، بەڵام خواستێکی زۆری لەسەر هەیە، بەتایبەت لە خوار و ناوەڕاستی عێراق کە رۆژانە پەیوەندییمان پێوە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمەش کڕیاری خۆمان هەیە، ناتوانین ئەو رێژەیان بۆ دابین بکەین، دەشڵێت: هەنگوینی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هەنگوینە هەرە باشەکان، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی باشترین جۆری هەنگوین بێت لە جیهاندا و خواستی زۆر لەسەر بێت”.

سەرۆکی هەنگەوانانی کوردستان راشیگەیاند، دوای پڕۆسەکە خەڵکێکی زۆری بێکار و ئەوانەی کە لە زانکۆ و پەیمانگاکانیش دەردەچن روویان لە کاری هەنگەوانی کردووە، پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە، کە بێنە گۆڕەپانەکە و ئەم کارەبکەن، ئێمەش ئێستا لە پلانماندا هەیە، چەند خولێکی فێرکاری هەنگەوانی بۆ چەند کەسانێکی سەرەتایی بکەینەوە، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو: “لە هەرێمی کوردستان 16 هەزار هەنگەوان هەیە، بەڵام ئێستا رووی لەزیاد بوون کردووە، ئێستاش وەرزی هەنگ نییە دوای مانگی سێ وەرزی هەنگ دەستپێدەکات”.

ھەواڵی زیاتر