مێژووی هەولێر هەر لە سەردەمی چاخی بەردینەوە تاکو ئەمڕۆ، لە کتێبێکدا دەنووسرێتەوە

دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بارەی پڕۆژەی چاپکردنی کتێبێک لە بارەی مێژووی شاری هەولێر کە هەر لە سەردەمی چاخی بەردینەوە تاکو ئەمڕۆ، تەواوی پەرەسەندنە مێژووییەکان، ڕووداوەکان و گۆڕانکاریەکانی تێدا دەنووسرێتەوە، لەگەڵ دەستەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیماکانی شاری هەولێر کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دوای خستنە ڕووی ئامانج و مەبەستی کتێبەکە، پارێزگاری هەولێر هەوڵ و ماندووبوونی توێژەرانی بەرز نرخاند و ئامادەیی هەموو ئاسانکاری و پاڵپشتییەکی نیشاندا و هیوای سەرکەوتنی لە پڕۆژەکە بۆ خواستن و ئاماژەی بەوەدا هەولێر لە سەرچاوە مێژووییەکانی جیهاندا ناوبانگی هەیە و بەپێی هەموو سەرچاوە مێژووییەکان هەولێر کۆنترین شارە لە جیهان کە تاکو ئێستا ژیانی تیادا بەردەوامە. گەلێک زانیارهەن سەبارەت بە مێژووی شاری هەولێر تاکو ئێستا نەزانراون، چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە ئەو کتێبە ببێتە سەرچاوەیەکی مێژووی و زانستیی گرنگ و پڕ زانیاری لە بارەی مێژووی دێرینی شارەکەمان و خزمەتێکی زۆری گەلەکەمان و شاری هەولێر بکات.
جێگەی باسە، لە کتێبەکەدا مێژووی شاری هەولێر هەر لە سەردەمی چاخی بەردینەوە تاکو ئەمڕۆ، تەواوی سەرچاوەی هەمەجۆرەکان و هەموو پێشهات و پەرەسەندنە مێژووییەکانی شاری هەولێر لە ڕووداوەکان و گۆڕانەکان و کۆمەڵێک بابەتی تری پەیوەست بەشارەکە لەخۆ دەگرێت. کتێبەکە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بگاتە دەست خوێنەران و دوای ماوەیەکیش لە چاپکردنی نیاز وایە لە کۆنفرانسێکی تایبەت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، وا چاوەڕوان دەکرێت کتێبەکە پێگەیەکی زانستی و کاریگەریی مێژوویی خۆی هەبێت لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق و ناوچەکە و جیهان بە گشتیی.

ھەواڵی زیاتر