کریستیانەکانی عێراق لە دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق ناڕازین

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کریستیانەکانی عێراق لە ڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک نەهامەتی و ڕاگواستن و هەڕەشەی جیاواز بوون و پێشتر کە بە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا بڵاو ببوونەوە، ئێستا زۆربەیان لە کوردستانن. لە ساڵان و دەیەکانی ڕابردوودا کریستیانەکان هەر جارە و بە هۆکارێک وڵاتیان جێهێشتووە و ساڵ بە ساڵ لە ژمارەیان کەمی کردووە و ئەوانەی لە عێراق ماون هەست بە ئارامی ناکەن و دەڵێن ئەوەی هەیانە لە سایەی هەرێمی کوردستانەوەیە.

لە دوو دەیەی ڕابردووی عێراق کریستیانەکان بە گوشاری جیاوازی سیاسی دەرپەڕێندراون و بەشێکیان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە و گیرساونەتەوە و بەشێکی تریشیان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە. شەڕی تایفی و نائەمنیی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و کەمیی خزمەتگوزاری وای لە کریستیانەکان کردووە ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکەن. ئەو دۆخە تا سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش درێژەی هەبوو. لە ئەنجامی پەلاماری داعش بۆ مووسڵ و دەشتی نەینەوا و شارەکانی تر بە دەیان هەزار کریستیان لە ترسی گیانیان ناوچەکانیان بەجێ هێشت لە هەرێمی کوردستان گیرسانەوە.
داعش دژی هەموو ئەو گرووپە ئایینییانە وەستا کە ئیسلامی سوننە نەبوون و یاساکانی خۆی بەسەریاندا سەپاند، تەنانەت لە نێو سوننەکانیش هەموو ئەوانەی سزا دا کە بیرو باوەڕی توندڕەوی ئەوانیان قەبوڵ نەکرد.
ئەو کاتەی داعش دەستی بەسەر ناوچەی کریستیانەکاندا گرت، هەندێک پیشنیازی خستەبەردەم کریستیانەکان لەوانە پێدانی باج، گۆڕینی ئایین بۆ ئیسلام، یان مردن بە زەبری شمشێر. زۆرێک لە کریستیانەکان بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵاتن، ئەوان لێرە شوێنیان بۆ دابین کرا و پارێزران.
بەپێی ئامارێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق بەهۆی کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی تر لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە نزیکی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسەوە دابەزیوە بۆ دوو سەد و پەنجا هەزار کەس.
لە هەرێمی کوردستان هەر لە کۆنەوە کریستیان هەبووە و بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر عێراقدا هاتووە بەشێکی تر لە کریستیانەکان ڕوویان لە کوردستان کردووە و گیرساونەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو تواناوە پێشوازیی لە کریستیانە ئاوارەکان کرد و بە کردنەوەی کەمپ و دابینکردنی پێداویستییەکان هەوڵی دا لە خەم و ئازاریان کەم بکاتەوە. یارمەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کریستیانەکان و سەرجەم ئاوارەکانی تری وەک ئێزدی و عەرەب و پێکهاتەی تر سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و هەر ئەوەش وای کرد پاپای ڤاتیکان کە بەرزترین ڕێبەری کریستیانەکانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە هەرێمی کوردستان سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەشی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەم پێزانینە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە قسەکانی یەکێک لە بەرزترین کەسایەتییە ئاینییەکانی کریستیانەکان لە عێراق ڕەنگی دایەوە. کاردیناڵ لویس ڕوفایل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کە خۆیشی یەکێکە لەو قوربانییانە، لە تەمووزی ساڵی ڕابردووەوە لەبەر ئەو کێشە و گوشارانەی لە بەغدا بۆی دروست کرا، ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەو لە وتارێکیدا کە نۆی کانوونی دووەم بڵاوی کردەوە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، پێكهاته‌ی مه‌سیحی له‌ عێراق هه‌ست به‌ خه‌م، په‌ژاره‌، ئازار، ترس دەکەن به‌هۆی ئه‌و په‌راوێزخستنه‌ی ڕووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه‌. هەروەها ڕوونی کردووەتەوە ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فریای کریستیانەکانی عێراق به‌تایبه‌ت له‌ مووسڵ و شارۆچكه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا نه‌كه‌وتبایه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كاتی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌، دۆخی مه‌سیحییه‌كان له‌ دۆخی ئاواره‌كانی ئێستای غه‌ززه‌ خراپتر ده‌بوو، چونکە حكوومه‌تی عێراق هیچ هاوكارییه‌كی نه‌كردن.
كاردیناڵ لویس ساكۆ باس له‌وه‌ ده‌كات، نه‌بوونی سه‌قامگیریی سیاسی، ئه‌منی و ئابووری و نه‌بوونی سه‌روه‌ری كه‌ خواستی هه‌موو عێراقییه‌كانه‌، هاوكات پشتبه‌ستن به‌ چه‌مكه‌ دووانه‌ییه‌كانی وه‌ك دیموكراسی و ئازادی، ده‌ستوور، یاسا و هاووڵاتیبوون ته‌نانه‌ت لای ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خوا سوێندیان خوارد و پارێزگاری لێ بكه‌ن، بووه‌ته‌ هۆی لاوازبوون و په‌ككه‌وتنی ئه‌رك و ئه‌دای دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و پاشه‌كشێی به‌ها نیشتمانیی و ئه‌خلاقییه‌كان و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و زیادبوونی بێكاری، گه‌نده‌ڵی و نه‌خوێنده‌واری.
ئەو دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌، حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سیحییه‌كان بێویژدان و نادادپه‌روه‌ره‌ و هیچ قسه‌ و به‌ڵێنێكی به‌رامبه‌ریان جێبه‌جێ نه‌كردووه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌مانه‌ و چه‌ندان هۆكاری دیكه‌ پاڵی به‌ مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ ناوه‌ كۆچێكی به‌رفراوان بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ ده‌ست پێبكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك به‌م دواییانه‌ سەد خێزان له‌ قه‌ره‌قووشه‌وه‌ شوێن و ماڵی خۆیانیان به‌جێ هێشتووه‌.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵی زۆر گرنگی هەبوو لە ئازادکردنی دەشتی نەینەوا لە دەستی تیرۆریستانی داعش و کەنیسە چۆڵکراوەکانی کریستیانەکان لەسەر دەستی پێشمەرگە کرانەوە و خەڵکەکەش توانیان دووبارە بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە و دەست بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆیان کرایەوە. بەڵام دۆخی دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە کریستیانەکانەوە کاتێک شێوا و ئارام و قەراریان لێ هەڵگیرا کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ هێزی پێشمەرگە کشایەوە.
لەگەڵ ئەم دۆخە دیسان بەشێک لە کریستیانەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونەوە و ئەوانەش کە مابوون بەو هیوایەی دۆخیان باشتر بێت مانەوە بەڵام بەدوور نەبوون لە ململانێی سیاسی و هەندێک کەسایەتییان کە لە لایەن حەشدی شەعبی فریو درابوون، هەوڵیان دا کریستیانەکان بۆلای خۆیان ڕابکێشن و بە بیانووی جیاواز سوودیان لێ وەربگرن.
کریستیانەکان تەنیا نەهامەتی سیاسییان بەسەردا نەهاتووە بەڵکوو لەم ساڵانەدا بەهۆی ڕووداوی دڵتەزێنی تر بوونەتە قوربانی و تەنانەت گومانی ئەوە دەکرا ئەو ڕووداوانە دەستێکیا لە پشتەوە بێ بۆ ئەوەی کریستیانەکان ناوچەکانیان جێبێڵن. بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو لە حەمدانییە لە کاتی شایی و زەماوەندی دوو خێزانی کریستیان، ئاگرکەوتنەوە لە نێو هۆڵی زەماوەند ڕووی دا و لانی کەم سەد و بیست کەس گیانیان لەدەست دا و پتر لە سەد و پەنجا کەسی تر بریندار بوون.

ھەواڵی زیاتر