دیار بەحری: ساڵی رابردوو زیاتر لە 70 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری دهۆك جێبەجێکراون

ئەمڕۆ چوارشەممە (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی دهۆك، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵی رابردووی کار و پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی دهۆکی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری دهۆك 69 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی زیاتر 54 ملیار دینار جێبەجێکراون.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، سێ گرێبەستی پاککردنەوەش بە گوژمەی 16 ملیار و 700 ملیۆن دینار لەو سنوورە ئەنجامدراون.

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی دهۆك، گوتیشی: بڕیارە ئەمساڵ چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزرای بکەونە بواری جێبەجێکردن.

رۆژی (2ـی کانوونی دووەمی 2024) عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا، بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 35 ملیار دینار، 932 پڕۆژەی جۆراجۆری لە کەرتەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، كشتوکاڵ، تەندروستی و پەروەردە لە پارێزگای دهۆك ئەنجامداوە.

پارێزگاری دهۆک، دەشڵێت: هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی دراوەتە 65 پڕۆژەی جۆراجۆر کە بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 88 ملیار دینار ئەنجامدراون، واتا کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا لە پارێزگاکە ئەنجامدراون، 997 پڕۆژە بوون و بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 123 ملیار دینار ئەنجامدراون