ھەرێمی کوردستان و عێراق تێڕوانینی جیاوازیان بۆ یاسای نەوت و گاز ھەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا ئێستە دۆسیەی نەوت و گازی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە نەکراوە، ھۆکەیشی بۆ نەبوونی یاسایەکی تۆکمەی نەوت و گازە، چونکە ئەگەر ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت، زۆرینەی کێشەکانی ئەو دۆسییە چارە دەبن. د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: تا ئێستە کۆمپانیاکان کە کاری دەرھێنانی نەوت دەکەن لە ھەرێمی کوردستان بەڵێنیان پێ نەدراوە کە خەرجی دەرھێنانی نەوت لە ٦ دۆلارەوە بۆ بکرێت بە ٢٠ دۆلار، تاوەکو خەرجییەکەیان بۆ زیاد نەکرێت ئەوانیش ئامادە نین کاری دەرھێنانی نەوت لە ھەرێم بکەن.

نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراق وەک ھەر بابەتێکی تر پەیوەستە بە بەرژەوەندیی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، بەدرێژایی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراق ھەوڵ ھەبووە بۆ داڕشتنی یاساکە، بەڵام کێشەی تێکەوتووە، دواجار ئەو بابەتە وەک چارەیەک بۆ کێشەکانی ھەولێر و بەغدا لە بواری نەوت ئاماژەی بۆ کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە پارەیەکی یەکجار کەم بۆ شایستەی ئەو کۆمپانیانە داناوە کە نەوت ھەناردە دەکەن بە بەروارد بە عێراق، چونکە لە ھەندێک بیری نەوتی عێراق، تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت ٣٨ دۆلارە، بۆ ھەرێمی کوردستان تەنھا شەش دۆلار دانراوە، لەگەڵ ئەوەی سروشتی کوردستان و دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زۆر زەحمەتە، ئەو بڕە پارە کەمەش بۆ ھەر بەرمیلێکی نەوت بۆ ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەھاتووە.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧ـدا، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ بڕی پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکراون، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەند نەکران.
کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا.
بەگوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبوایە لە ماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی تەواو بووایە، ھەرچەندە تاوەکو ئێستە ئەوە نەکراوە، بەڵام لیژنەیەک لە پسپۆڕانی یاسا، نەوت و گاز و دارایی پێکھێنراوە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ڕێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و گاز ھەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە.
لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەبردن و ھەناردەکردنی نەوت لەلایەن ھەرێمی کوردستان جێگەی ناکۆکی نێوان ھەولێر و بەغدا بووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی بە مافی خۆی زانیوە و لەبەرامبەریشدا حکوومەتی فیدراڵ پێیوابووە، ئەو کارە لە دەستەڵاتی ئەودایە، ھەر بۆیە نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک و چارەی ناکۆکییەکان بە ڕێککەوتنی سیاسی لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دواخراون، لەم کابینەی حکوومەتی عێراق جارێکی دیکە ھەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە خراونەتە گەڕ.
مشتومڕی سەرەکیی تایبەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، لەبارەی ئەو کۆمپانیانەیە کە سەرپەرشتیی پرۆسەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کاریگەری گەورەی لەسەر چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت.
ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بنەماکانی داڕشتنی پڕۆژە یاساکە ھەیە، حکوومەتی فیدراڵی ڕەشنووسێکی ئامادە کردبوو، زۆرینەی خاڵەکانی بەرەو مەرکەزیەت ھەنگاو دەنا، کەچی پێشنیاز و دیدگای ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرگە فیدراڵییەکان بوو، واتا پێی باشبوو دەستەڵاتێکی زیاتر بدرێتە ھەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایانەی بەرھەمھێنەری نەوتن لەسەر ئاستی عێراق.
دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە دارایەکانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، ھەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت ھەناردە بکات و ڕێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.
پسپۆرانی نەوت و گاز، دەڵێن: ئەگەر یاسای نەوت و گاز بە ڕەچاوکردنی تێبینییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو ماددە دەستوورییانەی ئاماژە بە سیستەمی فیدراڵی و دەستەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن پەسەندبکرێت، شتێکی باش دەبێت و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا بەھێزتر دەکات، ھەروەھا دەبێتە ھۆکاری خزمەتکردنی ئابووری عێراق.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستە نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن چارە دەبن، بەڵام ئەو ڕەشنووسەی یاسای نەوت و گاز کە ئێستە ئامادە کراوە تاکلایەنانە ئامادەکراوە و ڕاوبۆچوونی ھەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە، بۆیە پێویستە جارێکی دیکە ڕەشنووسێکی نوێ ئامادە بکرێت و پێویستمان بە نەخشە ڕێگەیەکە بۆ چۆنیەتی ڕەشنووسەکە و ھەرێمی کوردستان بەشدار بێت لە ڕەشنووسێکی نوێ بۆ یاسای نەوت و گاز، چونکە یاساکە پڕە لە تەکنیک و ڕێککەوتنی سیاسیی و پشت بەستن بە ماددەی ١١١و ١١٢ی دەستووری عێراق، ئەگەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە ڕێککەوتنی ھەموو پێکھاتە و لایەنەکانی عێراق پەسەندبکرێت، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێیەوە، وڵاتەکە یەکدەخات و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت، ئێمەش وەکو کورد پێمان باشە لەسەر بنەمای دەستوور پڕۆژە یاساکە ئامادەبکرێت و دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: تا ئێستە کۆمپانیاکان کە کاری دەرھێنانی نەوت دەکەن لە ھەرێمی کوردستان بەڵێنیان پێ نەدراوە کە خەرجی دەرھێنانی نەوت لە ٦ دۆلارەوە بکرێت بە ٢٠ دۆلار، تاوەکو خەرجییەکەیان بۆ زیاد نەکرێت ئامادە نین کاری دەرھێنانی نەوت لە ھەرێم بکەن.
لەلایەکی دیکەوە سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: حکوومەتی عێراق ڕێگرە لەوەی نەوتی ھەرێم ھەناردە بکرێتەوە، چونکە ئامادە نییە پشکی کۆمپانیاکان وەکو خۆی بدات، بەوەش ھیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە بەو بڕە کەمە کە ٦ دۆلارە بۆ ھەر بەرمیلێک کار بکات، ئەگەر ئەو ماددەیەش لەگەڵ یاسای بودجە ھەموار کرایەوە، دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر