لە وەزری پاییزەی چنینەوەی بەرهەمی پەتاتە لە گەرمیان، ساڵانە ٣١ هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت و ڕەوانەی بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستان و عێراق دەكرێت.
لە هەردوو وەرزی پاییز و بەهاردا، ساڵانە نزیكەی ٢٥٠٠ دۆنم زەوی لە گەرمیان بە پەتاتە دادەچێنرێت و زیاتر لە ٣١ هەزار تۆن بەرهەمی ساڵانەی هەیە.
هاوكار ئەحمەد، جوتیاری پەتاتەیە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “زۆربەی جار دوو جۆر پەتاتە لەم دەڤەرەدا دەچێنریت و بەرهەمەكەی دەچنرێتەوە، دوای كۆكردنەوە، ڕەوانەی عەلوەكانی دەكەین و بە ناوخۆی كوردستان و خوارووی عێراقدا بڵاو دەكرێتەوە؛ ڕۆژانه ٥٠-٦٠ تۆن پەتاتە دەچنینەوە.”
ئیسماعیل ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی:”خۆشبەختانە لە سنووری گەرمیان، لە بەهار و پاییزدا، نزیكەی ٢٥٠٠ دۆنم پەتاتە دادەچێنرێت، بەوەش ساڵانە ٣١ هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت كە بەشی پێداویستیی ناوخۆیی و ناردنی بۆ دەرەوە دەكات.”
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تاكوو مانگی ئابی ٢٠٢٣، بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان ٦٥٠ هەزار تۆن بووە. بۆ پێویستیی ناوخۆ ١٠٠ هەزار تۆن پێویستە و ئەوەی دیكەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت.
كشتوكاڵی پەتاتە لە كابینەی نۆیەمدا گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش خۆبژێویی ناوخۆیی و هەناردەكردنی لێ كەوتەوە. هەر لەمڕووەوە خواستی كۆمپانیا جیهانییەكانیش لەسەر بەكارهێنانی پەتاتەی كوردستان لە پیشەسازیی خۆراكیدا زیاتر بووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری