پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ژووری بازرگانی هەولێر کۆبۆوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.1.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لەگەڵ سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر کۆبۆوە.

لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر پیرۆزبایی لە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکى ژوورى بازرگانى و هەریەک لە کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیز خان فەتاح جێگرانی سەرۆک و سەرجەم ئەندامانى دیکەى هەڵبژێردراوى ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و تەواوى پاڵپشتى و هاوکارى پارێزگاى هەولێرشى بۆ دووپاتکردنەوە.

پارێزگاى هەولێر لە بەرامبەر بە جێگەیاندنى ئەرکەکانیان تەئکیدى لەسەر یەک تیمى کردەوە و هەوڵەکانیانى لە پێناو دروستکردنى پەیوەندییە بازرگانى و پیشەسازییەکان لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانى وڵاتان و بازرگانانى بە پێویست زانى، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “چاوەڕوانى ئێمە لە ئێوە ئەوەیە شوێن پەنجەتان لە بوژانەوەى ئابوورى شارەکەمان دیاربێت، کە دواجار دەبێتە شانازییەکى گەورەی مێژوویی بۆ خۆتان، دەخوازین لە داهاتوودا بەشێکبن لە پارێزگاریکردن لەو سەرمایە گوزاریى و پەرەسەندنە ئابووریانەى لە شارەکەمان هاتۆتە ئاراوە”.

لە کۆتایدا، پارێزگارى هەولێر، دووبارە هیواى سەرکەوتنى لە کارەکان بۆ خواستن و ئومێد خواست دەستەى نوێى ژوورى بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر فاکتەرێکى بەهێزى بوژاندنەوەى ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان بن لەشارەکەمان.

جێگەى باسە، دواى ئەوەى لە رۆژی 30-11-2023، هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمى کوردستان بە ڕێوە چوو، دوێنێش 2024.1.8، سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هەڵبژێردران، هەریەک لە گەیلان حاجی سەعید، بە سەرۆکی ژووری بازرگانی و کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیز خان فەتاح، وەک جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر هەڵبژێردران و هەروەها لاوەند مەمودی و ئیسماعیل سەعید، وەک نوێنەری ژووری بازرگانی هەولێر بۆ یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی هەرێم دیاریکران.