فەهمی بورهان: خەڵکی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک یەک بست خاکی خۆیان رادەستی هێزەکانی سوپا ناکەن

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پێویستە حکومەتی عێراق چارەسەری کێشەی خەڵکی گەڕەکی نەورۆز بکات، ئەوان ئامادەنین یەک بست خاکی خۆیان رادەستی هێزەکانی سوپا بکەن.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: “ئەمڕۆ لە شاری هەولیر لەگەڵ نوێنەری دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک کۆبووینەوە، لەسەر بارودۆخی گەڕەکەکە و ئەو هەوڵانەی گەڕەکە دوا پێشهاتی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە ئەو سەرپێچییەی کە کراوەتە سەرییان، گفتوگۆمان لەسەری کرد”.

گوتیشی: “ئەم کەیسە تەنیا لە پارێزگای کەرکووک نییە، لە ناوەڕاست و خواری عێراقیش هەبووە چارەسەر کراوە، بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراق، کێشەی کەرکووکیش بەهەمان شێوە چارەسەربکات، ناکرێت حکومەتی عێراقی بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق بۆچوونێکی هەبێت و بۆ ناوچە کوردستانییەکان بۆچوونێکی دیکە، نابێت بە جۆرێک هەڵسوکەوت کات  کە پێچەوانەی یاسا و دەستوور بێت”.

فەهمی بورهان راشیگەیاند، خەڵکی گەڕەکی نەورۆز ئامادە نین، لە ژێر هیچ فشارێکدا یەک بست لە خاک و ماڵی خۆی بدەنە دەست سوپا و هێزەکانی دیکەی عێراق”.