مریشک و هێلکەی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێت

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنانی ھێلکە و مریشک گەیشتووتە ئاستێک نیوەی بەرھەمەکە لە بازاڕ زیادە، هەر بۆیە ئامادەکاری بۆ ھەناردەکردنی ھێلکە و مریشکی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیھان دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند: ئێمە لە بەرھەمھێنانی ھێلکە و گۆشتی سپی گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاتریش، چونکە بازاڕی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکەیە، بەڵام بەرھەمی رۆژانەی کێڵگەکان ڕۆژانە چواردە ھەزار کارتۆنە و حەوت ھەزار کارتۆن زیادە لە بازاڕ و پێویستی بە ھەناردەکردنە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: ساڵانە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەد و چل و حەوت ھەزار تۆن گوشتی سپی ھەیە، ئەمە لەکاتێکدایە بەرھەمی ساڵانەی گوشتی سپی دەگاتە دوو سەد و هەشتا و پێنج ھەزار تۆن، واتە ساڵانە سەد و سی و پێنج ھەزار تۆن گوشتی سپی زیادە لە بازاڕی ناوخۆی و دەگاتە ٤٥%ی گوشتی بەرھەمھێنراو، لەسەرتاسەری ھەرێمی کورستان.
ھیوا عەلی زیاتر ئاماژەی پێدا و ڕایگەیاند: لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان ١٥٣٥ پڕۆژەی بەرھەمھێنانی مریشکی گوشت ھەیە، بەشێکی بەرھەمی ھێلکە و مریشکی کوردستان دەچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق، پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەیە بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ پەیدا بکەین. ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ھەناردەکردنی ھێلکە و مریشکی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیھان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی کەنداو، ھەروەھا ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ لە ھێلکە و مریشک زیاد بکرێت بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراق.
لەلایەکی ترەوە، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پلانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکابینەی نۆیەمدا، بایەخدان بوو بە جۆراو جۆرکردنی سەرچاوەی داهات، کشتوکاڵیش یەکێکە لەو ئابووریانەی کە وڵاتان پشتی پێ دەبەستن. لەکابینەی نۆیەمدا، بەرنامە و پلانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی دان بوو بە جۆراو جۆرکردنی سەرچاوەی داهات، کە ئابووری کشتوکاڵیش جۆرێکە لە ئابووری کە وڵاتان کە پشتی پێ دەبەستن.
زیدە محەممەد، دەشڵێت: پشتبەستن بە ئابووری کشتوکاڵ لە کابینەی نۆیەمدا پلان بۆدانراو بووە، بۆیە یەکەم جار حکوومەتی هەرێمی کوردستان هات کێشەکانی جووتیارانی دەست نیشان کرد، چونکە لە ساڵانی رابردوو جوتیاران کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانییان هەبوو. ئێمە بەرهەم و جوتیارمان هەبوو، بەڵام کێشەی بەبازاڕکردنمان هەبوو، هەروەها بەرهەمەکانیش کوالێتی باش نەبوو، بۆیە حکوومەت و تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ راهێنانیان بە هەندێک جووتیار کرد بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان باش و بە کوالێتی بن، ئینجا هاتین بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی بدۆزینەوە، ئەو وڵاتانەی کە ئامادە بوون بەرهەمەکان وەرگرن پێشتر نموونەمان ڕەوانە کردبوو، واتە پێش هەناردەکردن هەموو ئاسانکاری یاسایی و کارگێڕی و تاقیگەییمان کردبوو.
زیدە محەمەد باسی لەوەشکرد و دەڵێ: ساڵی پار هەنارمان هەناردە کرد، ئەمساڵیش کارمان لەسەر هەناردەکردنی پەتاتە و هەنگوین و سێوی بەرواری باڵا کرد، واتە پرۆسەکە سەرکەوتوو بوو، بۆیە دەمانەوێت پلانەکانمان فراوانتر بکەین، ئێستەش ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی هێلکە و مریشک.

ھەواڵی زیاتر