سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات

ڕۆژی دووشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فەڕەنسا کە بەمەبەستی ماڵئاویی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، خۆشحاڵی خۆی بەدیداری سەرۆک بارزانی نیشان دا و سوپاسی ڕۆڵ و پشتگیری بەردەوامی سەرۆک بارزانی کرد لەو ماوەیەی کە وەک باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کاریکردووە. 

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەبارودۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ناوچەکە و ڕووداوەکەکانی ئەم داوییانە کران و بیروڕا لە بارەی دۆخەکە بە گشتیی ئاڵوگۆڕکران.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆڵی بەرچاوی باڵیۆزی فەڕەنسای کرد کە توانی پەیوەندییەکی باش و بەرچاو لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان دروست بکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.

پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی عێراق بکات و یاسا سەروەربێت. پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێکارەکانی باشترکردنی ئەم پەیوەندییانە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون