پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە تیمى ڕاوێژكاری فەرماندەی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2024.1.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی کرد لە ڕاوێژکاران لویزا ڕۆیمەر و ماكس، تیمى ڕاوێژكاری فەرماندەی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان بە یاوەرى سیروان بابان.

لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر هیواى سەرکەوتنى لە کارەکانیان بۆ خواستن کە ئەرکی سەرەکییان لە هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕاهێنان و یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی هەموو هەوکارى و هەماهەنگیەکى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا بۆ سەرکەوتنیان لە کارەکانیان، هەروەها جەختى لەسەر پتەوکردنى پەیوەندییەکان کردەوە و سوپاسى هاوکارى و پشتگیریى وڵاتى ئەڵمانیاشی کرد بۆ هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژ بە تیرۆستانى داعش.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، دۆخى عێراق و ناوچەکە بەگشتیى و پێویستى و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگى و کارکردن بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە تاوتوێ کرا و باس لە دوایین پێشهات و ئەو هێرش و پەلامارانەى گروپە لە یاسا دەرچووەکان کرا کە دەکرێتە سەر هەولێرى پایتەخت و هەرێمى کوردستان، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوەدا ئەو هێرش و پەلامارانە کارێکى تیرۆرستیانەیە و دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ميلیشیاکان لەڕواڵتدا واى نیشاندەدەن کە ئامانجى هێرشەکانیان هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانە، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجیان هەرێمى کوردستانە، بۆیە داوامان له‌ حكومه‌تی عێراق کردووە کە تائێستا هەڵوێستێکى ئەو تۆى نەبووە، هه‌ڵوێستی جددی هه‌بێت. داواکارین لە هاوپه‌یمانانیش ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان بپارێزن و چیتر ڕێگە بە هێرش و پەلامارى گرووپه‌ له‌ یاسا ده‌رچووه‌كان نەدرێت بۆ سەر هەرێمى کوردستان.

لەلایەن خۆیانەوە تیمى ڕاوێژكاری فەرماندەی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان، سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەو پێشوازییەی کە لێیان کرا و ئامادەیی تەواوی خۆیان و وڵاتەکەشیان نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک و پێویستیەک لەگەڵ پارێزگای هەولێر.