دەرفەتێکی تر هەیە حکوومەتی فیدراڵی متمانە لای هەرێمی کوردستان بەدەست بێنێتەوە

شاندی هەرێمی کوردستان، هەر لەسەرەتای ساڵی نوێدا، گەیشتەوە بەغدا و بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی کە شایەنی جێبەجێ کردن بێت لە پێناو چارەی بنەڕەتی بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدڕاڵ و بەرپرسانی کە پێشتر چەندین ڕێککەوتنتیان لەگەڵ شاندە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و جێبەجێ نەکراوە، دەرفەتێکی باشیان لە بەردەمدایە متمانەی خۆیان بەدەست بهێننەوە؛

دوا هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان
لە دوایین کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ڕابردوودا، لە سەرجەمیاندا باس لە هۆکارەکانی گرفتی مووچەی فەرمانبەران و پابەند نەبوونی حکوومەتی فیدڕاڵی بە ڕێککەوتنەکانەوە کراوە و لە دوایین هەڵوێستیشدا، لە زاری وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو هۆشدارییەی داوە کە ئەوان ئامدەنین لە ساڵی نوێدا بە هەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت و کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم دەستپێدەکەنەوەو ئەم کۆبونەوانە وەک کۆبوونەوەی ئەنجام سەیر دەکەین،لەساڵی تازەدا هەمان پشوو درێژی ساڵی 2023 نابێت چونکە ئەوەی پێویست بوو لەسەرشانمان لە 2023کردوومانەو چاوەڕێی ئەنجام دەکەین لە چارەسەری کێشەکان. جگە لەوەش لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاندبوو؛ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانیان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
حکوومەتی عێراق لە ژێر پرسیاری گەورەدایە
ئەگەر بە مێژووی ڕێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدادا بچینەوە لەماوی چوار ساڵی ڕابردووا، ئەوە بە ئاشکرا دەبینرێت لە لێدوانی بەرپرسانی حکووەمەکەی سوودانیدا کە ڕێککەوتنەکان لەژێر سایەی دەستوور و یاسادا کراون و دان بەوەدا دەنێن کە هەرێمی کوردستان ئامادەیی کردەیی ناوە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام هەرگیز ڕێککەوتنەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ نەکراون. بە بڕوای چاودێرکی سیاسی، لە پشت دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەسەڵاتی سێبەری گەورەتر هەیە و دوا بڕیار لای حکوومەت و سەرۆکی حکوومەت نییە. ئەوە چاودێرە باس لەوە دەکات، پرسی بودجەی و مووچەی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە چەندین پرسی دیکە کراوە، زۆرجار لە بەغدا باسی دەستوور دەکرێت، ئەگەر لە هەموو عێراق کار بە دەستوور بکرێت ئەو کێشانە دروست نابن، هەروەها هەر جارە و یاسایەکی لاستیکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان باس دەکەن و بە دڵی خۆیان دەیهێنن و دەیبەن، بابەتێکی دیکە ئەوەیە ئەو پرسە تێکەڵ بە مەلەفی سیاسی کراوە و هەموو جارێک سوو قازانجی لێدەکەن”.
ئەندامێکی خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش، باس لەوە دەکات، دەبێت هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەناڵی یاسایی و پەرلەمانی و فشاری سیاسییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی بدات، ئەمەش بە یەک و دوو حزب ناکرێت، بەڵکو دەبێ هەموو نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران یەک دەنگ و یەکهێزبن، بۆ ئەوەی بتوانن فشار بکەن، ئەگەر لە ڕابردوودا یەکدەنگ بوواین، ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکی دیکە بوو. هەروەها دەبێ لە رێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان فشار بخرێتە سەر بەغدا کە یاسا و دەستوور وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت”.
ئەم لاوازییەی حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پرسیاری گەورەی دروست کردووە و خەریکە هەرێمی کوردستان بە تەواوی متمانەی بە بەرپرسانی عێراق نامێنێت و لەو ئەگەرەشدا هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا دەکات، کە ڕەنگە ئەو کاتە هەڵویستەکانی ڕوون بێتەوە دانوستاندنەکانی ساڵی نوێ یەکلایی بێتەوە.
دامەزراوەکانی عێراق لەژێر باڵی یاسادا نین
بەپێی لێدوانی چاودێرانی سیاسیی، گرفتی گەورەی کابینەکەی سوودانی لەوە سەرچاوەی گرتووە، دامەزراوە و وەزارەتە گەورەکانی عێراق، لە ژێر باڵی یاسادانین و ئەو ڕێککەوتنانەی خودی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی، بە یاسا شۆڕ نابێتەوە بۆ دامەزراوەکان و جێبەجێ ناکرێن. هەر دامەزراوە و وەزارتێک بە پێی مزاجی چەند گرووپ و حزب و لایەنێک بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن و خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن و تەنانەت کار گەیشتووەتە ڕادەیەک لە ناو پەرلەمانی عێراقیشدا ڕێگری لەوە دەکرێت لە دەرکردنی یاساکان هەماهەنگی و ڕێککەوتن هەبێت. ئەم یاسایی نەبوونەی دامەزراوەکان بەشێوەیەکە، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاندووە؛ دووبارەبوونەوە و بەردەوامی ئامادەبوونی بەرێز دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە وڵات، لە بۆنە سیاسی و حزبییەکان و پێشکەشکردنی گوتار و راگەیاندنی هەڵوێست، ئەوە دووپاتکردنەوەیە کە گومان لە سەربەخۆیی دادوەریماندا هەیە”.
دەشڵێت “لە هیچ دەوڵەتێکی پاشایەتی، کۆماری و تاکڕەویدا ئەو رۆڵەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەیبینێت نابینرێت جگە لە عێراق، ئەمەش شتێکی نامۆیە”.

ھەواڵی زیاتر