ژمارەی گەشتیارانی کوردستان بەراورد بە ٢٠٠٧ بیست هێندە زیادی کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان تەنیا بە نەوت و گازەکەی دەوڵەمەند نییە، بەڵکو لە زۆربەی کەرتەکان هەرێمێکی دەوڵەمەندە و دەتوانێت بە بایەخ پێدانیان و بووژانەوەیان و گرتنەبەری پلانی پێویست و گونجاو بیانکاتە سەرچاوەی سەرەکیی داهات و بە هۆیانەوە پەرە بە ئابوورییەکەی بدات و تەنانەت لە داهاتوودا سەربەخۆیی ئابووری پێ مسۆگەر بکات. کەرتی گەشتوگوزار یەکێکە لەو کەرتانەی کە دەکرێ ئاوڕی زیاتری لێ بدرێتەوە، ئامارەکان دەیسەلمێنن ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە بە ٢٠٠٧ بیست هێندە زیادی کردووە.

پلانی کارکردن بۆ سەربەخۆیی ئابووری هەرێمی کوردستان لانی کەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە کەناڵی سامانە سروشتییەکانەوە تێپەڕیوە و لەو کەرتەش زیاتر وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گاز کراوە و هەرچەندە هەنگاوی زۆر گرنگ لەم بارەیەوە نرا و کوردستان بۆ یەکەم جار لە مێژوودا هاتە سەر نەخشەی دابینکردنی وزە لە جیهان و تەنانەت هەر بەو کەرتە داهاتەکانی خۆی بۆ ماوەی چەند ساڵێک دابین کرد بەڵام ئەو دۆخە بە هەندێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی تووشی بەربەست هاتووە و لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردووەوە هیچ بڕە نەوتێکی کوردستان هەناردە نەکراوە.
پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو بایەخە زۆرەی هەیەتی دەکرێ ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات بەڵام لە کوردستان بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە جیۆپۆلیتیکییەی هەیەتی و بەهۆی ئەو دۆخە هەڵواسراوەی لە پێوەندی لەگەڵ بەغدا تووشی بووە، پێویستی بەوە هەیە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری هانا بۆ بەهێزکردنی ئەو کەرتانە بەرێت کە پەرەپێدانیان خەرجییەکی کەمتر هەڵدەگرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی لە دوای ٢٠١٤ و ئەو شەڕە ئابوورییەی بەغدا بە هەولێری فرۆشت، هەرێمی کوردستان زیاتر بەو قەناعەتە گەیشتووە کە دەبێ کەرتەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پەرەیان پێ بدرێت.
یەکێک لەو کەرتانە کە دەکرێ هیوای گەشەسەندنی لەسەر هەڵچنرێت و شان بەشانی کەرتەکانی دیکە پەرەی پێ بدرێت کەرتی گەشتوگوزارە و کوردستان بەو ژینگە جوان و سروشتە دڵڕفێنەی هەیەتی دەتوانێت ببێتە مەکۆی کۆکردنەوەی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی و بەهۆیەوە هەزاران هەلی کار بێنێتە کایەوە.
ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە و ئامارەکان ئەوە دەسەلمێنن کە دەکرێ وەک کەرتێکی ستراتیجی سەیر بکرێ و لە داهاتوودا بایەخی زیاتری پێ بدرێت.
هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌ كۆمه‌ڵێك هه‌وراز و نشێودا تێپه‌ڕیوه‌ كه‌چی ژماره‌ی گه‌شتیارانی زیادیان کردووە. لە حەڤدە ساڵی ڕابردوودا ته‌نیا له‌ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ ژماره‌ی گه‌شتیاران دابه‌زیوه‌ ئه‌گه‌رنا له‌ ساڵی ٢٠٠٧ه‌وه‌ ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام لە زیاد بووندا بووە.
له‌ ساڵی ٢٠٠٧ ژمارەی گشتیی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی هاتوونە هه‌رێمی كوردستان سه‌رووی سێ سەد و حەفتا و حەوت هه‌زار كه‌س بوون، ساڵی ٢٠٠٨ ژماره‌كه‌ گه‌یشته‌ سه‌رووی پێنج سەد و پەنجا و هەشت هه‌زار گه‌شتیار، له‌ ساڵی ٢٠٠٩ به‌ره‌و حەوت سەد و نەوەد و یەک هه‌زار گه‌شتیار هه‌ڵكشا و له‌ ساڵی ٢٠١٠ گه‌یشته‌ ملیۆنێك و سێ سەد و سێزدە هه‌زار گه‌شتیار. ساڵێك دواتر گه‌یشته‌ ملیۆنێك و حەوت سەد و دوو هه‌زار گه‌شتیار. ساڵی ٢٠١٢ ژماره‌ی گه‌شتیاران زیاتر ڕووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد و گه‌یشته‌ دوو ملیۆن و دووسەد و شازدە هه‌زار گه‌شتیار و له‌ ساڵی ٢٠١٣دا گه‌یشته‌ ئاستێكی به‌رز و كۆی گشتی گه‌شتیارانی ساڵه‌كه‌ به‌ دوو ملیۆن و نۆ سەد و پەنجا و دوو هه‌زار گه‌شتیار ڕاگه‌یه‌نرا.
له‌ ساڵی ٢٠١٤ به‌هۆی ئاڵۆزبوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دواتر داعش و ته‌نگژه‌ی دارایی، ئاڕاسته‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بوویه‌وه‌ و بۆ نیوه‌ دابه‌زی و گه‌یشته‌ ملیۆنێك و پێنج سەد و بیست و نۆ هه‌زار گه‌شتیار و له‌ ساڵی ٢٠١٥ دیسان ژماره‌كه‌ نیوه‌ بوویه‌وه‌ و گه‌یشته‌ حەوت سەد و هەشتا و دوو هه‌زار گه‌شتیار.
ساڵی ٢٠١٦ ئاڕاسته‌كه‌ ڕووی له‌به‌رزبوونه‌وه‌ كرده‌وه‌ و سه‌رووی دوو هێنده‌ له‌ ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ ملیۆنێك و شەش سەد وسێ هه‌زار گه‌شتیار. سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامیی ته‌نگژه‌ی دارایی ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ ساڵی ٢٠١٧دا گه‌یشته‌ دوو ملیۆن و سەد هه‌زار گه‌شتیار كه‌ كه‌مێك له‌ خوارووی هه‌مان ئاستیه‌تی كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٢ تۆمار كرابوو.
له‌ ساڵی ٢٠١٨ ژماره‌ی گه‌شتیاران گه‌یشته‌ سێ ملیۆن و پەنجا و حەوت هه‌زار گه‌شتیار و به‌مه‌ش ژماره‌ی پێوانه‌یی شكێنرا كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٣تۆمار كرابوو. لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەکە گەیشتە دوو ملیۆن و حەوت سەد هەزار و پاشان بەهۆی کۆرۆنا و کەرەنتینەوە ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ هەشت سەد و چل و شەش هەزار گەشتیار دابەزی.
لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە دیسانەوە ژمارەکە ڕووی لە بەرزبووەوە بووە و هەموو ساڵێک ژمارەی پێوانەیی شکاندووە، لەو ساڵەدا گەیشتە سەرووی چوار ملیۆن گەشتیار و لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە سەرووی شەش ملیۆن.
دواین ئاماری ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی ٢٠٢٣ دەری دەخات کە لەو ساڵەشدا سەرووی حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار گەشتیار سەردانی کوردستانیان کردووە. ئەو ژمارەیەی گەشتیاران لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بێ ژمارەی گەشتیارانی سەری ساڵە کە پێشبینی کرابوو بگاتە سەرووی دوو سەد هەزار کەس.
ئەگەر گریمانە بکەین هەر گەشتیارێک لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا دوو سەد دۆلاری خەرج کردبێت ئەوا پتر لە ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دۆلار سوودیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
گەشتوگوزار یەکێکە لەو کەرتانە کە دەکرێ بکرێتە سەرچاوەی داهات، هەرێمی کوردستان چەندین کەرتی تری وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەیە کە دەکرێ بەوپەڕی هێز و توانایەوە بایەخیان پێ بدات و سەرجەم کەرتەکان دەست لە ناو دەستی یەکتر بەرەو گەشەسەندن هەنگاو بنێن و هەر ئەوەشە دەتوانێت سەربەخۆیی ئابووری کوردستان مسۆگەر بکات.

ھەواڵی زیاتر