د. محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:بە سەرمایەی زیاتر لە حەڤدە ملیار دۆلار مۆڵەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان دراوە

وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و لە ٤ ساڵی ڕابردوودا ٤٠٤ مۆڵەتی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکان دراوە. سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت: “گرنگیی یەكەم بۆ پرۆژە كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتیارییەكان بووە.”

د. محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئەم پرسە بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: “لە ٤ ساڵی ڕابردوودا، دەستەی وەبەرهێنان ٤٠٤ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی زیاتر لە حەڤدە ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە پرۆژەكان بەخشیوە. بەوەش تێكڕای مۆڵەتپێدان لە ساڵێكدا لە كابینەی نۆیەمدا لە سەرووی ١٠٠ مۆڵەتەوە بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بووە.”
گوتیشی: “١٠٣ پرۆژە تایبەت بوون بە پرۆژەی پیشەسازی و كارگەی گەورە، بە تایبەتی لە بواری شیش و چیمەنتۆ. هەروەها ١٧ پرۆژەی كشتوكاڵی مۆڵەتیان پێ دراوە، لە هەمان كاتدا ٥٥ پرۆژەی گەشتیاری مۆڵەتیان پێ دراوە، جگە لە پرۆژەی پەروەردەیی و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی. بەڵام سەرنج و گرنگیی سەرەكی بۆ پرۆژە پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیارییەكان بووە.”
حکوومەتی هەرێمێ کوردستان، بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و نوێكردنەوەی ئەو بوارە، ٣٩ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەهۆی كەمتەرخەمیی وەبەرهێنەران و كەموكورتیی پرۆژەكان هەڵوەشاندووەتەوە و دراونەتەوە وەبەرهێنەری چالاك، جگە لەوەش چەندین پرۆژەی هەڵپەسێردراو كەوتوونەتەوە كار.
سەرۆكی دەستە ئەوەشی ڕاگەیاند: “چەندین پرۆژەی دیكەی وەبەرهێنان بە پشتیوانیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەونە كار و ئەو پرۆژانەشی كێشەیان ماوە چارە دەكرێن.”
وەبەرهێنان پرسێكی گرنگی بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و شارسازییە، لەم دیدگایەوە حكوومەتی هەرێم بایەخێكی سەرەكی بەو بوارە داوە و بەردەوامیش دەبێت.