بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، داوا لە مامۆستایان دەکەن رۆژی سێشەممە دەست بە دەوام بکەنەوە.

لە نووسراوەكەدا كە واژووی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گشتیی سلێمانی لەسەرە هاتووە” دوای وەرگرتنی یاداشتی ئەنجوومەنی سەرتاسەری فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی لە بەرواری (23ی12ی2023) بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردە، دوای وەڵامدانەوەی وەزارەتمان بەشێوەیەكی ئەرێنی بۆ بەشێك لە داوا رەواكانی مامۆستایان، بە نووسراوی ژمارە (1) لە (7ی1ی2024) وێڕای دوپاتكردنەوە و پشتگیریمان بۆ سەرجەم داوا رەواكانی مامۆستایان، كە بەشێوەیەكی مەدەنیانە دوور لە هەموو توندوتیژییەك زنجیرەیەك خۆپێشاندان ئەنجام درا، سوپاسی لەخۆبردووی مامۆستایان دەكەین داواكارین لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن، دەست بكەنەوە بە پرۆسەی خوێندن لە رۆژی سێشەممە (9ی1ی2024) لەبەر ئەوەی قوتابیان و خوێندكاران چاوەڕوانی دڵسۆزیتانن بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندن نەفەوتێت.”

لە لایەكی دیكەوە لە نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە، دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسای بەرکارەکان دەستپێدەکاتەوە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێن بە گرێبەست.


ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی خوێندن و رۆڵی مامۆستایان کرد و رایگەیاند، مامۆستایان مافی خۆیانە لە سەرەتای هەر مانگێکدا مووچەکانیان بۆ دابنین بکرێت و روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە و مامۆستایانیش تەنیا توێژنین بەڵکو هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکە مووچەکانیان دواکەوتووە.

ھەواڵی زیاتر