ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.1.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، بە ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و بەڕیوەبەرى کاروبارى ناوخۆ، لەگەڵ قائیمقام و سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانى فەرمانگە حکومیەکانى قەزایی قوشتەپە کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوهکدا، سهرهتا پارێزگارى هەولێر پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە بژار مەلا خدر کرد وەک قائیمقامى قەزاکە و باسى لە گرنگى و تایبەتمەندى دەڤەرەکە بەگشتیی و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکان کرد و جەختى لە سەر جێبەجێکردنی فەرمان و ڕێنماییەکان کردەوە. هەروەها دەستخۆشی لە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانى فەرمانگە حکومیەکانى قەزاکە بهگشتیى و لەڕێگەی ئەوانیشەوە لە فەرمانبەرانی سنوورى قەزاکە کرد، کە خەمخۆرانە و بەڕێک و پێکى بۆ خزمەتکردنى خەڵکى سنوورەکەیان ئەرکەکانیان ئەنجامدەدەن.
له تهوهرێكی تری كۆبوونهوهكهدا، لەلایەن قائیمقام و ئامادەبووانەوە ئاماژە بە پێویستى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ دەڤەرەکە و کەم و کوڕی و پێداویستیەکانى قەزاکە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانى کرا، و پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لە خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییانى قەزاکە و ناحییە و گوندەکانى و چارەسەرکردن و دابینکردنی کەم و کوڕی و پێداویستیەکانیان کردەوە.
سەبارەت بە بەرنامە و پلانى پاریزگاى ههولێریش بۆ ئەمساڵ و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەکان، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، لە بەرنامە و پلانماندایە ئەمساڵ وەکو ساڵانى ڕابردوو بهشێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازیى لە ناوەندی قەزاکان و ناحییە و گوندەکانى سنوورى پارێزگاکەمان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنین، دڵنیاشتان دەکەینەوە وهكو پارێزگاى ههولێر ئهوهی له تواناماندابێت و بتوانین ئهنجامی بدهین بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان درێغی لێناکەین، قوشتەپەش یەکێکە لە قەزا گرنگەکانى هەولێر و بەهەموو توانایەکمانەوە خزمەتى دەکەین”.
جێگەى باسە، قوشتەپە کە (19) کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، لە ساڵی (1959) کراوەتە ناحیە، بە هۆی فراوانبوونى و زۆری ژمارەى گوندەکانى و لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان، لە 21ـی 5ـی 2023، لەبەر گرنگی و فراوانی سنوورەكە، بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قوشتەپە كرا بە قەزا و لە 2023.11.27 بە ئامادەبوونى رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بژار مەلا خدر، لەڕێورەسمێکدا سوێندى یاسایی خوارد و وەک یەکەمین قائیمقامی قەزاکە دەستبەکاربوو.