چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆک و جێگرانی نوێی ژووری بازرگانیی دهۆک هەڵبژێردران

سەرۆک و هەردوو جێگرانی نوێی ژووریی بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک هەڵبژێردران. ئەوانەی هەولێریش سبەی دووشەممە هەڵدەبژێردرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-01-2024، شوکری جەمیل نووری، وەکو سەرۆک و هەر یەکە لە لەتیف عوسمان و مەسعود سلێمانیش وەکو جێگرانی سەرۆکی نوێی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لەلایەن ئەندامانی ژوورەکەوە هەڵبژێردران.

وا بڕیارە سبەی دووشەممەش، 08-01-2024، ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، سەرۆک و جێگرانی نوێی ژوورەکە هەڵبژێرن. پێشتریش و لە رۆژانی 03/04-01-2024، سەرۆک و جێگرانی نوێی ژوورە بازرگانییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەڵبژێردران.

ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر و سلێمانی لە  13، دهۆک 11  و پارێزگای هەڵەبجەش لە 9 ئەندام پێکدێن.

رۆژی 21-12-2023، محەممەد شەهاب، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران لە ژووری بازرگانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی راگەیاند و گوتی: هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوومان لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، کاتژمێر 08:00ـی بەیانی، هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.