شاندی حكومەت لەگەڵ لیژنەی باڵای بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم كۆدەبێتەوە

شاندی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی پرسی بودجە و مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە رێگای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی2024لە بەغدایە و ئەمڕۆ‌ لەگەڵ لیژنەی باڵای بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كۆدەبێتەوە.
 شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بەوەكالەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بە دوا داچوون و خالید هادی چاوشلی و محەممەد شاكر راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەك راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، سەردانی بەغدایان كردووە. 
وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، لەسەر ئاستی هەردوو سەرۆكوەزیران هەوڵەكانیان بە مەبەستی چارەسەركردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە رێگای هەموار كردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024 چڕتر كردووەتەوە. 
بڕیارە شاندی هەرێم لە بەغدا چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق ئەنجام بدەن، هەروەها تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق بریتنی دەبن لە یاسای نەوت و گازو چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێم.