شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و سبەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 06-01-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، شاندی باڵای حکومەت گەیشتە بەغدا و سبەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەستپێدەکات.
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. هەورامانی گوتیژی، ئامانجی سەردانەکە “گفتوگۆکردنە لەبارەی یاسای نەوت و گاز، ھەمواركردنهوهی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ چارەسەرێکی ریشەیی کێشەی مووچە”.
ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەبێتە یەکەم سەردانی ساڵی 2024 بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی ساڵی رابردوو لەبارەی پرسە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی.
هەروەها لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023، جەختکرایەوە لەوەی کە چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدراڵییە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆی وەربگرن.