سێ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر دەستگیرکران

بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، 6-1-2024، بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو زانیاری ئەوەمان پێگەیشت کەوا بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ هێنراوەتە ناو شاری هەولێر بە مەبەستی فرۆشتن و ساغکردنەوەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی زانیارییەکان، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد ئەنجامدرا و توانرا شوێنی دوو کەسی بیانی لە هۆتێلێک دەستنیشان بکرێت. دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لە شەوی 5 لەسەر6ـی 1ـی 2024 سێ کەس دەستگیرکران، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان کە زۆر بە وردی جێسازی بۆکرابوو، دۆزرایەوەو دەستی بەسەرداگیرا.