ئاراس جەبار،شارەزای بواری كەشناسی ئەمڕۆ شەممە 6ی كانوونی دووەمی 2024 راگەیاند: لەئەنجامی لەنگەرگرتنی نزمەپۆشەكانی زەریای ئەتڵەسی بە ئاراستەی دەریای ناوەراستەوە و چالاكبوونەوەیان بەڕووی وڵاتانی شام و عێراق و توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەمەوە 10/1/2024 شەپۆلێكی بارانبارین ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان ئەگرێتەوە و بەھۆی دابەزینی بارستە ھەوایەكی ساردی جەمسەری بۆ سەر باكور و رۆژھەڵاتی ئەوروپا و كاریگەری لاوازی لەسەر كەش و ھەوای ناوچەكانمان لەماوەی كاریگەری ئەم شەپۆلەدا پلەكانی گەرما بەرێژەی 5 تا 6 پلە بەڕاورد بەرۆژانی داھاتوو نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت ، شەپۆلێكی چڕی بەفر بارینیش ناوچە سنووری و شاخاوییەكان ئەگرێتەوە .
هەروەها گوتی: بەگشتی ماوەی كاریگەری ئەم شەپۆلە پێشبینی دەكرێت لەسەر ناوچەكانمان تا رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە بخایەنێت و ئەگەری بارینی بارانێكی باش لەسەرتاسەری ناوچەكانی ھەرێمدا و بارینی بەفرێكی باش لەناوچە شاخاوییەكان لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا ئەبێت .
گوتیشی: لەماوەی ئەم شەپۆلەدا ئەگەری بەفر بارین بۆ سەنتەری پارێزگا و شارەكانی ھەرێم لاوازە و پێشبینی ناكەین بەفر لە ناوەندی شارەكان و ناوچە نزمەكاندا ببارێت .