دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەسەر پرسی کورسیی کۆتاکان بۆ ٢١ی ئەم مانگە دواخرا

بڕیاربوو دادگەی فیدراڵی لە ٢٧ی مانگی ڕابردوو بۆ بڕیاردان لە دژی یاسایەکی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کورسیی کۆتاکان کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ٢١ی ئەم مانگە دواخرا. پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان داوا دەکەن پرسی کورسیی کۆتاکان نەخرێنە ناو کێشە و ململانێ سیاسییەکانەوە ‌و دژایەتی خۆیشیان بۆ ھەر ھەموار و دەستکاریکردنێکی کورسییەکانیان کە لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا ڕێکخراوە دەردەبڕن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دادگەی فیدراڵی کات بە مەبەستی نەکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکوژێت.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان. بەگوێرەی ماددەی ٣٦ـی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان کراوە، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئەرمەن، ھەروەھا پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
ساڵی ١٩٩٢ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، ساڵی ٢٠٠٤ یاسای ھەڵبژاردن ھەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد ھەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی ھەڵبژاردن پێکبێت لابرا و ھەرێمی کوردستان ھەمووی کرایە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
پەرلەمانی کوردستان سەد و یازدە کورسی ھەیە، یازدەیان کورسیی پێکھاتەکانن، پێشتر یەکێتی، پارتی، گۆڕان و پێکھاتەکان چەندین کۆبوونەوەیان کرد و نەگەیشتن بەڕێگەچارە بۆ ئەو یازدە کورسییە کە پێکھاتەکان دەڵێن، نابێت لایەنەکانی دیکە دەستوەردان لە کاروباریان بکەن.
تورکمانەکان، دەڵێن: ٩٠٪ـی تورکمانەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر دەژین و تەنیا ١٠٪ـیان لە کفرین، ئەوە لە کاتێکدایە لە دھۆکیش ھیچ تورکمانێکی لێ نییە، بۆیە دابەشکردنی کورسیی کۆتاکان بەسەر چوار بازنەدا کارێکی دادپەروەرانە نییە.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٣١-١٢-٢٠٢٣ درێژکرایەوە، لە کاتێکدا ٦-١١-٢٠٢٢ تەمەنی خولەکە کۆتایی دەھات.
ڕۆژی ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا و ڕایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، ھەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون واتە دوای ٦ـی ١١ـی ٢٠٢٢، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە ١٠ـی پەرلەمان.
ڕۆژی ٣ـی ئابی ٢٠٢٣، دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
محەممەد سەعدەددین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، دەڵێت: ئەوەی لە دادگەی فیدراڵی دەگوزەرێت، تەنیا کات کوشتنە و دەیانەوێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، دەشڵێ: بەڕێککەوتنی سیاسی، لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کورسی پێکھاتەی تورکمان بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی دابەشکراوە.
لەلایەکی دیکەوە سارا دڵشاد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: دواخستنی ئەو بڕیارە ئاشکرا و ڕوونە و ئەجندای سیاسی لەپشتە، دواجاریش ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠٢٣، لەبەر ئەوە دواخرا، چونکە نوێنەری کریستیان و تورکمانی وەک لایەنی سێیەم بەشدارییان دەکرد، کە ئەوانیش باسیان لە ھەڵوێستی خۆیان کرد.
ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: تێڕوانینی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە بۆ ھەر پرسێک کە پەیوەندی بە داھاتوو و مافی پێکھاتەکانەوە ھەبێت دەبێت پرسیان پێ بکرێت، نەوەک بەوشێوەیە کە دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیارێک دەربکات، لە بەرژەوەندی پێکھاتەکان نەبێت.
سارا دڵشاد، دەشڵێ: چەندین کۆبوونەوەمان لە پەرلەمان کردووە داواکارییەکانی خۆمان پێشکەش کردووە، ھەروەھا بۆچوونی خۆمان سەبارەت بەو ھەڵبژاردنە بە ئاشکرا گەیاندووە، باسی ئەوەمان کردووە کە دەبێت ھەڵبژاردن بە یەک بازنە بێت، چونکە پێنج خولی پەرلەمانی ڕابردوو ھەڵبژاردن بە یەک بازنەیی بووە.
سارا دڵشاد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، زیاتر دەڵێ: ئەو لایەن و کەسانەی پێداگیری لەسەر دابەشکردنی کورسیی کۆتاکان دەکەن، دەیانەوێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە دوابخرێت، ئێمەش بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نابین کورسیی پێکھاتەکان دابەشبکرێت بەسەر پارێزگاکان، چونکە زۆربەی پێکھاتەکان دانیشتووی ھەولێرن، ھەڵوێستەکە دوای بڕیارەکە دەبێت، ھەڵوێستی جددیمان دەبێت و ھەموو نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر دێنینە سەر خەت، بۆ ئەوەی ھیچ لایەنێک یاری بە کورسیی پێکھاتەکان نەکات.