لە ساڵێکدا 429 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری زاخۆ لە ساڵی رابردوودا 429 هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیان کردووە.

چیایی ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تەنیا لە 11 رۆژی کۆتایی مانگی 12ی 2023، نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیان کردووە و بەشداری ئاهەنگەکانی سەری ساڵیان کردووە.

گوتیشی: “پێنج هەزار گەشتیاری باكووری کوردستان هاتوونەتە زاخۆ و بەشداری ئاهەنگەکانی سەری ساڵیان کردووە”.

ئاماژەی بەوەشدا: “ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەمان هەیە، لەنێویاندا قۆناغی دووەمی کورنیشی زاخۆ کە لەگەڵ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی بووەتە شوێنێکی ناوداری گەشتیاری لە ناوچەکە، بە تەواوبوونی قۆناغی دووەمی کورنیش زاخۆ بە تەواوی دەبێتە قەزایەکی گەشتیاری، هەروەها قشڵەی زاخۆ یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژەکانمان”.