کۆمەڵە و سەندیکاکانی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق: میلیشیاکان لە گوڕەپانی سەربازی دووربخەرەوە

یەکێتی، کۆمەڵە و سەندیکاکانی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن، میلیشیا چەکدارکراوەکان لە گوڕەپانی سەربازیی عێراق دووربخاتەوە و لێکۆڵینەوەی جیدی لە هێرشە درۆنەکانی سەر هەرێمی کوردستان بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، یەکێتی و ئۆرگانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا پیشەییەکانی هەرێمی کوردستان؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، “بە توندی هێرشە نەڕەواکانی سەر هەرێمی کوردستان و فشارە سیاسییەکان”ـیان سەرکۆنە کرد و “تەواوی بەرپرسیارییەتی پارێزگاریکردن”ـیان خستە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی.

ئەوەشیان خستەڕوو، “لەگەڵ توندبوونی ملاملانێیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و، دروستبوونی شەڕ و ناسەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بەداخەوە نەیارانی نیشتمان و هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراجۆری سیاسی و دارایی تا گەیشتووەتە هێرشی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وڵاتەکەمان دەکەنە ئامانج”.

کۆمەڵە و سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان پێیانوایە ئامانجی هێرشەکان، “تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە وهەموو هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە سەرکۆنە دەکەین”. ڕاشیانگەیاند، “بۆ رێگرتن لەم هێرشانە و کۆنتڕۆڵکردنی؛ داواکارین حکومەتی عێراق ئەو میلیشیا چەکدارکراوانە لە گوڕەپانی سەربازیی عێراق دووربخاتەوە و لێکۆڵینەوەی جیدی لەم رووداوانە بکات”.

یەکێتی و ئۆرگانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا پیشەییەکانی کوردستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن، “لە دژی ئەم هێرشە دوژمنکارانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بێنە دەنگ و پاڵپشتی و یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ خۆ پاراستن لەم هێرشانە”.  

لە کۆتایی پەیامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کرد: “هەموو هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە و داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە زووترین کات چارەسەر بکات کە بووەتە هۆی قەیرانێکی دارایی. چارەسەربوونی کێشەکان دەبێتە وەڵامێکی ئەرێنی و کاریگەر بۆ ناحەزان و دوژمنان”.

بنکەی لالش هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات

هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی باڵای رۆشبنیری و کۆمەڵایەتیی بنکەی لالش لە دهۆک، لە راگەیەندراوێکدا “بە توندی” سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرد کە بەردەوام دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و، هێرشەکانیان بە “پێشهاتێکی مەترسیدار” ناوبرد.

بەردەوامی ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “تەنها زیان بە ئارامی و سەقامگیری عێراق دەگەیەنێت و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات”. ئاماژە بەوەش کراوە، “دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە کە لەلایەن گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بە کارێکی قەبووڵ نەکراو و پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین”.

هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان

لە دوای 17ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، گرووپە چەکدارەکان شیعە کە خۆیان بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” ناساندووە؛ بەرپرسیارییەتی خۆیان لە 14 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.

دوایین هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە، شەوی شەممە، 30-12-2023 بوو، کاتێک کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.

داواکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەڵامەکەی سوودانی

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکێدا لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاند: “نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم”.

مەسرور بارزانی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کرد “بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی  بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن”.

دواتر رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد “لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان” لە “هێرشە تاوانکارییەکەی” سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای هەولێر بکەن.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن؛ بۆیە ماوەی چەند رۆژێکە ئەو لیژنەیەی لەلایەن سوودانییەوە پێکهێندراوە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان، لە شاری هەولێرە.