پارێزەرانی کوردستان بەرپرسیارەتی نەدانی سێ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەخەنە ئەستۆی بەغدا

ئەمڕۆ سێشەممە ( 2ی کانوونی یەکەمی 2024)، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە یادی 31  ساڵەی دامەزراندنیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە ئەندامیەتی 20 هەزار پارێزەر دەکات لە سەندیکاکە کە لە 25 لق و ژووردا، پەیوەندیەکی تۆکمەیان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی هەیە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سەندیکای پارێزەران بەرپرسیارەتی پێنەدانی سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ئەستۆی بەغدا و، داوا دەکەن لەو ساڵەدا کێشەی مووچەخۆرانی کوردستان چارەسەر بکەن، چیدی مووچەخۆرانی هەرێم سزا نەدرێن.

سەندیکای پارێزەران، هێرشی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئیدانە دەکات و، داوا دەکات فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەو هێرشکارانە بە سزا بگەیەنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تاوانی وا دووبارە نەکەنەوە.

لە بەیاننامەکە، سەندیکای پارێزەران دووپاتیکردەوە، ئەمساڵ بەهۆی ئەو پێشهاتانەوە، هیچ ئاهەنگێک بەبۆنەی 31 ی دامەزراندنی خۆی ناکاتەوە.