نووسینگهی پارێزگاری ههولێر رایدهگهیهنێت، تهواوی ئەو بەرنامە و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێرهوه ئامادەکرابوون، بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران.
ئهمڕۆ (سێشهممه 2ـی كانوونی دووهمی 2023) نووسینگهی پارێزگاری ههولێر راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه، لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان، تهواوی ئەو بەرنامە و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵ ئامادەکرابوون، جێبەجێکران.
دهقی راگەیهندراوهكهی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر:
“لەبارەى ئامارى رووداوەکانى 2023.12.25 تاکو 2024.1.1”
بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1 ئامادەکرابوون، سەرجەم رێکكارەکان بە سەرکەوتوویى ئەنجامدران و پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوو لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان، وەکو خۆى و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران، بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
یەکەم/ گەشتوگوزار:
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران لە دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (63 هەزار و 509) گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆش لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1 بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکانى هاتووچۆ و خێرا لێخوڕین (14) ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویاندا، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە (2) کەس گیانیان لەدەستدا و (25) کەسى دیکەش برینداربوون.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:
پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەکخۆى جێبەجێکران، لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (49) حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، هەر (49) حاڵەت و تاوانیش ئاشکراکراوە و تاوانباران و ئەنجامدران دەستگیرکراون.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (18) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی (5) هاوڵاتى بەسووکى بریندار بوونە و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى:
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لە 2023.12.25 تاوەکو 2024.1.1، (13747) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، (4128) کەسی دیکەش سەردانى ڕاوێژکارى پزیشکیان کردووە، (100) نەشتەرگەرى ئەنجامدراوە، جگە لە (54) حاڵەتى فریاکەوتن و (3) حاڵەتى گەستنى سەگ و (160) حاڵەتى وەرگرتنى چارەسەرى کیمیاوى، لە نەخۆشخانەکانی (لەدایكبوون و ئافرەتان، ن. شقاڵاوه، ن.عطایای ئیماران بۆ لە دایكبوون و منداڵان) (2737) نەخۆش سەردانیان کردووە، (239) منداڵ (117) کوڕ و (122) کچ بەئاسیى لەدایک بوونە و (60) منداڵی دیکەش کە (34)یان کوڕ و (26)یان کچ بوونە بەنەشتەرگەری لەدایک بوونە.
دەستخۆشی لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان دەکەین، کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو وێڕاى پشووى فەرمانگەکانیان لە ئەرکدابوون، جارێکی تر وەکو پارێزگاى هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2024.1.2