دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی بەگژداچوونەوەی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و تاوانە ئەلیكترۆنییەكان، چاودێرییان خستووەتە سەر فرۆشتنی سیمكارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو كۆمپانیا و بریكارەكانیان تۆمار دەكرێن، تاكوو بە شێوەیەكی یاسایی سیمكارت بە هاووڵاتییان بفرۆشن. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش داوا دەكات “هاووڵاتییان دەزگە پەیوەندیدارەكان لە سەرپێچییەكان ئاگەدار بكەنەوە.”
فرۆشتنی هەموو سیمكارتێك دەبێ بەیاسایی بكرێت
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لەوبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە بەر ڕۆشناییی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن، لە ڕێگەی لیژنەکانی قایمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردن لە ناو وەزارەت، دەستیان بە تۆمارکردنی بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتی کۆمپانیاکانی مۆبایل و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت كردووە. بۆ ئەوەی ئیشوکارەکانی خەڵک یاسایی و بێكێشە بێت. لەو ڕووەوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، پێویستە هەرکەسە و لە سنووری خۆی مامەڵەی تۆمارکردنی ئەو بریکارانە دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی دواتر بزانین هەر بریکارێک کاتێک سیمکارتی لەلایەن کۆمپانیاکەوە پێ دەدرێت، بە گوێرەی سێریاڵنەمبەرەکان بەرپرسیار بێت لە بەرانبەر یاسا، سەبارەت بە مامەڵەکردن بەو سیمکارتانە.”
بەدواداچوون و سزای یاسایی جێبەجێ دەكرێت
لەبارەی ڕێوشوێنەكانی دیکە، میرانی گوتی: “وەکوو وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی بازگەکان لە ئاسایش، هیچ سیمکارتێک نایەتە ناو هەرێمی کوردستان، ئەگەر سێریاڵنەمبەرەکانی سیمکارتەکان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە ڕێگەیان پێ نەدرێت. ئێمە نوسراویان بۆ دەکەین و ئەوان دواتر بەرپرسیار دەبن لەوەی کە ئەگەر ئەو سیمکارتانە هێنرانە ناو بازاڕ و مامەڵەیان پێوە كرا.”
“سزایەکی زۆری دارایی دانراوە بۆ هەر کەسێک کە سیمکارت لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان بخاتە بازاڕەوە، پێشتر لەبەر ئەوەی بەشێک لەو بریکارانە مۆڵەتیان نەبوو یان مۆڵەتیان دەرنەهێنابوو، ئێستا دەست بەو پرۆسەیە کراوە و لیژنەکانی قایمقامیەت بە بەردەوامی لەناو بازاڕەکان بەدواداچوون دەکەن.”
هاووڵاتییان پێویستە هاوكار بن
پەیامی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە: لە هەر شوێنێك بینیان لەسەر مێز یان لە دوکانێکی لاکۆڵان یان لەلایەن بریکارێکی ڕێگەپێنەدراو سیمكارت دەفرۆشرێت، دەتوانن لیژنەکانی قایمقامییەت ئاگادار بکەنەوە، یان لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی ناوخۆوە پەیام بۆ وەزارەتی ناوخۆ بنێرن، بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی لە دژیان بگیرێتە بەر، چونکە ئەو بابەتە پێویستیی بە هەماهەنگیی نێوان هاووڵاتیان و لیژنەکانی قایمقامیەت و وەزارەتی ناوخۆ هەیە.”
حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی چاودێریكردنی فرۆشتنی سیمكارتی مۆبایل و ئینتەرنێت، تۆماركردنی خاوەن سیمكارت و هێڵەكان بە شێوەیەكی دروست و یاسایی بكرێت، تاكوو تاوان و خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی نەهێڵێت و لە ئەگەری تاوان و سەرپێچیشدا تۆمەتبار زوو ببینرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری