فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:هێرشە تیرۆرستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان شتێکی قبوڵنەکراو و پێشهاتێکی مەترسیدارە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێڕش و کردەوە تیرۆریستییە دەکات، کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە باکووری هەولێر کردە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی،
داوا لە محەممەد شییاع سوودانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان رابگرێت و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاتووە: “دووبارەبوونەوەی ئەم هێڕشە تیرۆریستیانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان، بە شتێکی قبوڵنەکراو و پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت، کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەلامەتیی هاووڵاتیانی دەکاتە ئامانج، هەروەها ئاماژەیە بۆ لاوازییەکی گەورە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە لە مامەڵەکردنی جددی و یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا، کە پاڵپشتی داراییان بۆ دابین دەکرێت و چەکدار دەکرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت سەقامگیری لە عێراق هەبێت”.
فراکسیۆنی پارتی لەو پەیامەدا دەڵێت: “داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، هەنگاوی خێرا و بەپەلە بگرێتە بەر، ئەو گرووپە لە یاسا دەرچوانە و ئەوانەی هاوکاریان دەکەن ڕابگرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق بکات، و لێکۆڵینەوە بکات لە شوێنی ئاڕاسەتەکردنی ئەو فڕۆکە بۆمبڕێژکراوانە و شێوازی هاوردەکردنیان و ئەو لایەنانەی کە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەم فڕۆکانە پڕچەک دەکەن”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوە هاتووە: “ھەرێمی کوردستان بە سەرسەختی دەمێنێتەوە بەرامبەر بەو کەسانەی کە ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی دەدەن و مەترسی لەسەر سەلامەتیی ھاووڵاتیانی دروست دەکەن و ئەم هەوڵە نائومێد و بەدبەختانە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ی پڕشکۆ سەرکەوتوو نابێت”.