فازڵ میرانی بەبۆنەی ھاتنی ساڵی تازە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بەبۆنەی ھاتنی ساڵی تازە، پیرۆزبایی و ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و، داوای یەکڕیزی و تەبایی لە نێوان ھەموو گەلانی عێراق دەکات، ھەروەھا جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دژی ھەموو ھەوڵێکی سەرلێشێواوان دەبن کاتێک بیانەوێ ھەوڵی تێکدانی شیرازەو ئاشتی و سەلامەتی کۆمەڵگا بدەن.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە…..

گەلی کوردستانی ئازیز.

سەرۆک مەسعود بارزانی ڕابەری نەتەوەییمان.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامانی دەستەو لق و نووسینگەکانی پارتیمان و خانەوادەو کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەموو قوربانیانی سیاسەتی ڕاگوێزان و سەرجەم پێکھاتەکانی گەلی عێراقی بەڕێز بەجیاوازی ڕەگەز و بیرو فرە نەتەوەکانی و ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بەئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە ھەیە.

خوشک و برایانمان و ڕۆڵەو کەسوکارمان لە کریستیانە ئازیزەکانی کوردستان و عێراق و جیھان، ھەموو چالاکیە سیاسیی و حیزبیەکان و ھەموو سەرۆکایەتیەکان و دەزگاکانی دادوەری و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

خۆشحاڵین کە بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی پیرۆزباییەکی زۆر گەرم لە ھەموان بکەین بەو ئومێدەی ساڵێکی خۆش بێت بۆ ھەموان و ھەموومان بتوانین بەگڕوتینێکی بەھێزو حەکیمانە خزمەتی نیشتیمانەکەمان و مێژوو دێرینەکەی بکەین، بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان کە لەناو دڵ و خوێن و ویژدانمان ڕواوە.

ئێمە لەکاتێکدا پێ دەنێینە نێو ساڵی تازەی نوێی زایینی، پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر گۆڕانی ڕژێمی سیاسیی پێشوو، ھەروەھا دوای بەڕێکردنی دەیەھا ساڵ لەخەبات و کۆشش بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەویژدانەوە ببێتە خاوەن ماف و پابەندی دادپەروەری و پاراستنی بەرژەوەندیەکان بێت.

خوشک و برایانمان….

ئێمە لەکاتێکدا پیرۆزبایی ئەم جەژنەتان لێ دەکەم، لەھەمان کاتدا نزاو ھیوای ڕاستگۆیانەی پڕ بەدڵتان بۆ دەخوازم کە ھەموومان بەھەموو توانایەکمان لەچوارچێوەی یاساوە ڕۆڵی ژیرانەی خۆمان ببینین و بڕوانین و بتوانین ئاستەنگەکان لاببەین لەپێناو خزمەتکردنی جەماوەری خەڵکی وڵاتەکەمان.

گەلی کوردستانی ئازیز و ھەموو گەلانی عێراق، ھەموو کاتێک نموونەیەکی زۆر بەرزی ئازایەتی و مرۆڤایەتی و بەھانا ھاتنی لێقەوماوان بووە و ھەربەم شێوەیەش دەمێننەوەو بەردەوام دەبن لەدژی ھەموو ھەوڵێکی سەرلێشێواوان و کاتێک ھەوڵی تێکدانی شیرازەو ئاشتی و سەلامەتی کۆمەڵگا دەدەن.

ھەمیشە خوێنی شەھیدان و برینداران و ئاوارەو ڕاگوێزراوان و قوربانیانی ئەنفال و چەکی کیمیاوی وەکو پەندێک لەبەردەممان دەبێت بۆ ڕێگری لە دووبارە نەبوونەوەی ھەموو ئەو کارەساتانەی کەخوا پێی ناخۆشەو  مێژووش لێی نابووریت و قەتیش نە ڕێگا دەدەین و نە بەدووبارە کردنەوەشی ڕازی دەبین.

خوشک و برایانی ئازیزو لەدڵمان شیرن، دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و بەو ھیوایەی کە ھەموومان ھەموو کاتێک یەک دەست بین بۆ لەناوبردنی ھەموو ئەوەی ھەوڵی تێکدانی یەکڕیزی نیشتیمانی و نەتەوەییمان دەدات و خەباتیشمان ھەمیشە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو ڕۆژەی کە لەسەر ڕێبازی مستەفا بارزانی نەمر سوێندمان خوارد کە بۆ سەربڵندی گەلەکەمان بەردەوام بین و ھەتا ھەتایە تێبکۆشین.

ساڵی نوێی زایینی لە کریستیان و موسڵمان و ئێزیدی و کاکەیی و مەندائی و سەرجەم ئایین و پێکھاتە ئازیزەکانی عێراق پیرۆزبێت.        

فازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
ھەولێر ٣٠ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣