ڕێگەوبانی چەندین گوند لە ئاكرێ قیرتاو كران

پرۆژەی قیرتاوكردنی ڕێگەوبانی گوندەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لەو پرۆسەیەشدا ڕێگەی چوار گوندی دیكەی قەزای ئاكرێ قیرتاو كران.
ڕێگەی گوندەكانی شەرەفۆنا، قەسرۆك، ئەستریان و كەندەگول، لە ناحیەی بجیلی قەزای ئاكرێ بە بڕی ملیارێك و 13 ملیۆن دینار قیرتاو كران.
موحسین میرانی، بەڕێوەبەری چاككردنی ڕێگەوبانی ئاكرێ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “ڕێگەی ئەو چوار گوندە بە درێژاییی هەشت كیلۆمەتر لە ناحیەی بجیل قیرتاو كران، پرۆسەكەش لە ڕێگەی كرێكار و كۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەكرێت.”
ڕەمەزان محەممەد، هاووڵاتییەكی ناوچەكەیە، گوتی:”سوپاسی حكومەت دەكەین بۆ قیرتاوكردنی ڕێگەی گوندەكان، كە دەبێتە هۆی ئاسانكاریی هاتوچۆ و ژیانی گوندنشینانی ناوچەكە، بەهیواین بەردەوام بن.”
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی كوردستان بەردەوامە و دەیەوێت لە ڕێگەی گرنگیپێدانی گوندەكان، هاووڵاتییانی گوندنشین لە ناوچەكانی خۆیان لە خزمەتگوزارییەكان سوودمەند بن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری