گوندێکی چەمچەماڵ بە درۆن بۆردوومانکرا

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان دەوروبەری گوندێکی سنووری قەزای چەمچەماڵی بۆردوومانکرد. بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەریش دەڵێت، “ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە، خەڵکی سڤیل لێی نیشتەجێیە”.

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر راگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 02:15ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-12-2023، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گوندی چنارتووی ناحیەی ئاغجەلەر، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆردوومانکراوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، ئەو شوێنەی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانکراوە، ماڵی هاووڵاتییانی سڤیلی لێیە و “تا ئێستا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئاسمانی گوندەکەدا دەسوڕێتەوە، بۆیە نامانتوانیوە زیانە گیانی و ماددییەکانی بۆردوومانەکە بزانین”.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 27-12-2023، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان دوو جار بۆردوومانی دەوروبەری گوندی “توتەقەڵ”ـی لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر کردبوو.

پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر راگەیاندبوو، چەکدارانی پەکەکە لە سنووری گوندەکانی ئەو ناحیەیە جموجووڵیان هەیە و چەند جارێک لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بۆردوومانکراون، بۆیە گومان دەکرێت، ئەمجارەش هەر فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا چەکدارانی پەکەکەی بۆردوومان کردبێت. 

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەس لە هەردوولا (چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا) گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان بریندار بوون. ئەم ئامارانە لە دەزگا فەرمی و نێودەوڵەتییەکان و لە لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە وەرگیراون.