قائیمقامی هەولێر: لە ساڵی 2023 هەزار و 98 شوێن داخراون

قائیمقامی ناوەندیی هەولێر رایدەگەیەنێت، بە درێژایی ساڵی 2023، هەزار و 98 شوێن لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری داخراون و 139 سەرپێچیکار رەوانەی دادگا کراون و بە بڕیاری دادوەر بەندکراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-12-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەرجەم  داتا و زانیارییەکانی ساڵی 2023ـی لیژنەکانی قائیمقامیەت لەبارەی ئەو ڕێکارانەی بەرامبەر بە خاوەن کار، کەسانی یاساشکێن و سەرپێچی کار گیراوەتەبەر؛ خستەڕوو.

قائیمقامی ناوەندیی هەولێر گوتی، “بە درێژایی ساڵی 2023، هەزار و 98 شوێن لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری داخراون کە بریتیبوون لە هۆتێل، خواردنگە، دەرمانخانە، کۆگای دەرمان، دووکان، کافتریا و ئەو شوێنانەی دیکە کە هاووڵاتییان رۆژانە رووی تێدەکەن. داخستنەکانیش بە هۆکاری جۆراوجۆر بوونە؛ بەشێکیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و لیژنەکانی چاودێری نەبوونە و بەشێکی دیکەشیان مۆڵەتیان نەبووە یان مۆڵەتەکانیان نوێنەکردووەتەوە”.

نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەش کرد، “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رێژەی دەرمانی ماوەبەسەرچوو یان بەقاچاخهێندراو لەنێو دەرمانخانەکان زۆر کەمتربوو؛ واتا پێشتر کە لیژنەکانمان دەچوونە دەرمانخانەکان، لەوانەیە دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری دەرمانی ماوەبەسەرچوودا گرتبا، بەڵام ئێستا تەنها دەست بەسەر دوو سێ پاککەتدا دەگیرێت. ئەمەش بەهۆی ئەو چاودێرییە توند و تۆڵە و رێکارانە هەیە کە لە بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراونەتەبەر”.  

بە گوتەی قائیمقامی ناوەندیی هەولێر، “تەنها بەبڕی 294 ملیۆن دینار لەلایەن قائیمقامییەتی هەولێرەوە پێبژاردن بە سەرپێچیکاران کراوە؛ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی، گەشتوگوزار، چاودێری بازرگانی و شوێنەکانی دیکەش بە سەدان ملیۆن دینار پێبژاردن بە  سەرپێچیکاران کراوە”.

وەکو ئەوەی نەبەز عەبدولحەمید باسی کرد، “هەزار و 14 شوێن کە زێدەڕوویی لەسەر ئەنجامدراوە، لەلایەن پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رێوشوێنیی یاسایی لە بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەوەبەر و زێدەڕوویی تێکدراوە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قائیمقامی ناوەندیی هەولێر گوتی، “ئەوانەی لە هەموو بوارەکاندا سەرپێچییان کردووە، هەزار و 134 کەس بوونە و راگیراون. 941 کەسیان لە رێگەی قائیمقامییەت و لیژنەکانەوە، بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە و سەرپێچیییەکەیان پێ چاکراوەتەوە. لەو ژمارەیە، 139 کەس رەوانەی دادگا کراون و بە بڕیاری دادوەر بەندکراون لەبەر ئەوەی سەرپێچییەکانیان لەوانەی دیکە گەورەتر بوون”.