ئەو سەربازە ئەمەریکییەی لە هەولێر برینداربوو گواسترایەوە ئەڵمانیا

ئەو سەربازە ئەمەریکییەی کە شەوی دووشەممەی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمان لە هەولێر بە سەختی برینداربوو، بۆ چارەسەری پزیشکی  گواسترایەوە ئەڵمانیا.

دوو سەرچاوە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەوبارەوە زانیاریان داوە بە ئاژانسی (سی ئێن ئێن)ی ئەمەریکی یەکێک لە سەربازە بریندارەکان کە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر بە سەختی برینداربوو لە هێرشەکەدا، گواستراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە دۆخی تەندروستی “جێگیرە”.

لەبارەی دوو بریندارەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە، باری تەندروستی دوو بریندارە جێگیرە و برینەکانیان سووک بوو.

لە وەڵامی ئەو هێرشەدا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 26/12/2023، بە فەرمانی جۆو بایدن ئەمەریکا چەند پێگەیەکی هێزەکانی حزبوڵڵای عێراقی لە پارێزگای بابل بۆردومان کرد، بەهۆیەوە چەکدارێکی سەر بە میلیشیاکان کوژرا و 18 کەسی دیکەش برینداربوون.

لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە 100 جار لە عێراق و سووریا هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان.

واشنتن پێشتری رایگەیاندووە، کە بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە دەکرێنە سەری لە لایەن گرووپە میلیشیایەکانەوە، لە نوێترین لێدوانیش لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئامادەین وەڵامی هێرشەکانی سەر هێزەکانمان بدەینەوە.