ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی شێڵتەری سەگى بێلانەی هەولێرەوە

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌دا هاتووه‌، چەند رۆژیک لە مەوبەر ئافرەتێکی بیانی، سەردانی بەرێوەبەرایەتییه‌كه‌مانی له‌ هەولێرى کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی کە بە تیمی خۆبەخش و دابینکردنی دەرمان هاوکاری شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بکات، وەکو بەرێوەبەرایەتی، داواکاریەکەمان قەبوڵکرد و سوپاسى هەرکەس و لایەنێک دەکەین کە هاوکارمان بێت.
روونیشكراوه‌ته‌وه‌، دوێنێ سێشەم، داوای چوونە ژوورەوەی شێڵتەرى کرد و ڕه‌زامەندی پێ درا، ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیار بوو برێک دەرمان ببات وەک یارمەتى بۆ شێڵتەر، بەڵام بەداخەوە لەکاتی چوونە ژوورەوەی  بە ووشەى نەشیاو بێ ڕێزیەکی زۆری بەرامبەر بە ستافی شێڵتەر و پزیشکانى ڤێتێرنەری کردووە کە تەمەنێکی زۆریان هەیە لەو بوارەدا.
 بەرێوەبەرایه‌تی فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سەربارى ئەوەش ئافره‌ته‌كه‌ خۆی وانیشانداوە کە بەهۆی پاڵپشتی هاوسەرەکەیەوە دەتوانێت هەر کار و ڕەفتارێک ئارەزوو بکات ئەنجامی بدات، لەگەڵ  دوو کەسى دیکە کە هاوکارى بوونە، خۆیان تێکەڵ بە هەندێک بابەت کردووە کە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە (بۆ نموونە ناڕەزاییان دەربڕیوە لەوەى بۆچی خواردن و ئاو لە ناو قەفسی ئاژەڵەکاندا نییە، بێ ئاگا لەوەى بە پێی ڕێنمایی ڤێتەرنەری ئەو ئاژەڵی نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، نابێ ئاو و خواردنی تا ماوەیەک پێ بدرێت).

هه‌روه‌ها روونیشكراوه‌ته‌وه‌، ئەوە سەربارى ئەوەى هەوڵی وێنەگرتن و ڕیکۆردی ڤیدیۆیان داوە لە کاتێکدا پێشوەختە پێیان گوتراوە بەپێى ڕێنماییەکان هیچ کەس بۆى نییە وێنە بگرێ و وێنەگرتن ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە لەلایەن تیمەکانمانەوە رێگریان لێ کراوە تاوەکو کێشە و گرفتی زیاتر بۆ شێڵتەرەکە دروست نەکەن.

بەرێوەبەرایه‌تی فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، بۆ بەرچاووڕونی هاوڵاتییان، شێڵتەری سەگى بێلانەى هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمى کوردستان، بە تەواوی مەرجە تەندروستی و ژینگەییەکان دروستکراوە و ئاژەڵەکانیش بە پێی ڕێکارە تەندروستیەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەکو بەرێوەبەراتییه‌كه‌مان بەفەرمان و ڕاسپاردەی  پارێزگاری هەولێر دەرگای شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بەرامبەر هەر ئاژەڵ دۆستێک کراوەیە کە بیەوێت دەستی هاوکاری و یارمەتی بۆ شێڵتەر درێژبکات و بەگەرمى پێشوازی لێدەکەین و سوپاسى دەکەین، بەومەرجەى ڕێنماییە تایبەتیەکانى شێڵتەر جێبەجێ بکات و پێشێلیان نەکات، بەپێچەوانەوە هەرکەس و لایەنێک ڕێنماییەکان جێبەجێنەکات ڕێکارى یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.

له‌ كۆتاییدا روونكراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئەو ڕووداوەى ئەمڕۆش ڕوویداوە پارێزگای هەولێر لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات و ڕێکارى یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنە دەگیرێتەبەر کە کەمتەرخەم بووە و  کاری نەشیاو وڕەفتارى نابەجێی ئەنجام داوە.