پێکهاتەکان داوا دەکەن کورسی کۆتاکان نەبێتە بەشێک لە ململانێکان

پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان داوا ده‌كه‌ن پرسی كورسی كۆتاكان نه‌خرێنه‌ ناو كێشه‌ و ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه ‌و دژایه‌تی خۆیشیان بۆ هه‌ر هه‌موار و ده‌ستكاریكردنێكی كورسییه‌كانیان كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ یاسا رێكخراوه‌، ده‌رده‌بڕن.

پێكهاته‌كان به‌رده‌وام دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، نابێت ده‌ستكاری كورسی كۆتاكانیان بكرێت، چونكه ئه‌و مافه‌یان‌ به‌ یاسا رێكخراوه‌ و له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان چه‌سپاوه‌.

بەگوێرەى ماددەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدان، سریان و ئاشوورییه‌كان تەرخان كراوه‌، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن و پێنج کورسیش بۆ تورکمانەکان، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن به‌ تۆماركردنی سكاڵا له‌ دادگای فیدراڵی عێراق، هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌ستكاری كورسی كۆتاكان بكرێت و كه‌مبكرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ جێی نیگه‌رانی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵ له‌سه‌ر سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر سۆران سه‌لاحه‌دین، شاره‌زای ده‌ستووریی راگه‌یاند، تاكه‌ مه‌رجه‌ع بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مانی كوردستانه‌، بۆیه‌ بردنی ئه‌م پرسانه‌ بۆ دادگای فیدراڵی ده‌ستپێكێكی خراپه‌ و ئامانجیان لاوازكردنی قه‌واره‌ی سیاسی و پێگه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستانه‌.

پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بڕیاره‌كانی پێشووی دادگاكه‌ كه‌ له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریكردوون، ترسیان له‌ چاره‌نووسی كورسییه‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌، پێكهاته‌كان پێیانوایه‌ ده‌ستكاریكردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانیان یانیش ده‌ستكاریكردنی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت به‌ پێكهاته‌كان زیان به‌و‌ پێكه‌وه‌ژیانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ سه‌دان ساڵه نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كان‌ به‌ ئاشتی و ئارامی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.